بەرگری شارستانی: ئه‌مساڵ ژماره‌ى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ زۆرتره‌ به‌ڵام زیانیان كه‌متره‌ کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

رائید سەرکەوت كاڕه‌ش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، لە لێدوانیکی تایبەت بۆ ماڵپەری نوچەنێت ئاشكراى ده‌كات كه‌ ژماره‌ى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ئه‌مساڵ زۆرتره‌ به‌ڵام زیانیان كه‌متره‌، ده‌شڵى، "لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە هه‌زار رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، ئەمەش بەهۆی ئەو وشکەساڵیەی رووی لە هەرێم کردووە".

ئەمرۆ شەممە ١٩ی حوزەیران، رائید سەرکەوت كاڕه‌ش لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت گووتی، "رووداوی ئاگرکەوتنەوە ئەمساڵ لەچاو ساڵانی رابردوو زۆرە، بەڵام قەبارەی رووداوەکان لەگەڵ ساڵانی رابردوو جیاوازە. بۆ نموونە ساڵانی رابردوو رووداوی گەورەمان له‌ هه‌ولێر هەبوو وەکو سووتانی بازاڕی لەنگە و بازاڕی سیمی گه‌ڕه‌كى كوردستان ئەوانە زیانی ماددیان زۆر بوو، بەڵام ئەمساڵ و ساڵی پار کە ساڵێکی کەرەنتینە و کۆڕۆنا بوو رووداوەکان ژه‌ماره‌یان زۆرە، بەڵام زیانەکانیان کەمتره‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى به‌رگرى شارستانى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌رچى رووداوه‌كانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ زۆرترن به‌ڵام زیانه‌كانیان كه‌متره‌، رائید سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش گوتى، "ئەمساڵ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زۆرە، بەڵام زۆربەی زۆری رووداوی پوشوپەڵاش رووداوی بچووک و لاوەکین، بۆ نموونە لە ماڵێك یان کۆمپانیایەك ژوورێک دەسووتێ. ئاوایە رووداوی زۆر گەورەمان نه‌بووە تاکو بڵێین زیانی ماددی زۆر بووه‌".

سەبارەت به‌ كاریگه‌رییه‌كانى بە وشکەساڵی له‌سه‌ر رێژه‌ى ئاگركه‌وتنه‌وه‌، رائید سەرکەوت گووتی، "کاریگەرییەکانی بێگومان زۆرن واتا ئەو پوشوپەڵاشەی هەیە رووداوی ئاگرکەوتنەوە خێراترە، لە کاتێکدا ئاگرێك دەکەوێتەوە به‌هۆی فرێدانی جگەرەیەك یان پاشماوەی گەشتیارانە، زۆرجار بوتڵی ئاو هۆکارن بۆ ئاگرکەوتنەوە دوو رۆژ بەر لە ئێستا چیای سەفین سووتا نزیکەی چەند هەزار مەترێك ئاگرکەوتەوە لەو شوێنانە دارێکی سرووشتی زۆر سووتا، بە تایبەت دار بەڕووه‌كان. نزیکەی ٢٤ کاژمێر تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە وەکو فرۆکەوانی خەریك بوون تاکو ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا ئەمانە هەموو هۆکارن".

سەبارەت بە ئاماری شەش مانگی رابردوو رائید سەرکەوت له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى گووتی، "ئامارەکان رۆژانە روو لە زیادبوون دایە بەڵام زیاتر لە هه‌زار رووداو لەم شەش مانگەی رابردوودا هه‌بووه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین