د. مستهفا محهمهد له ڤێتیرنهرى ههولێر: بازرگانى ئاژهڵى جوانى له كوردستان گهشهى كردووه
سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت
لە چەند ساڵی رابردوو تێبینی ئەوە کراوە بازرگانی بە ئاژەڵ به تایبهتى ئاژهڵى "جوانى" گەشەی کردووە هۆکار چییە؟
خەڵکەکە زۆر بووه بە تایبەت خەڵکە بیانییهكه، وهك عەرەباکان و لبنانیەکان و خهڵكى تریش. جیا لهوهیش ژمارهى دانیشتووانى خۆشمان نزیکەى ٪٢٥ تا ٪٣٠ زیاتر بووە. دەتوانن ئاژەڵ لە ماڵەوە بەخێو بکەن لە باڵندەکان یا ماسی جوانکاری یاخود سەگ و پشیلە...هتد. لەبەر ئەوەیە چونکە کۆمەڵگاکەمان گۆڕانکاری بهسهر هاتووه، لە هەمان کات دەبینین کوردەک دراوسێیەکی عەرەبی هەیە سەگ و پشیلەی هەیە ئەویش حەز دەکات بە هەمان شێوەى ئەو بکات. بەم شێوازە هێواش هێواش زیاد دەبێت.
ئهو سهگه بهڕهڵایانهى شار
هەڵگری ڤایرۆسن هەموویان نەخۆش و گڕوون
مەرجە هەموو دوکانەکانی کاروباری ئاژەڵان دەکەن مۆڵەت لە ئێوە وەبگرن؟
مەرجە، بەڵام پێش ئەوەی رێگەپێدانی بۆ بکەین دەبێ دوو مۆڵەتی تر وەربگرێت یەکهم مۆڵەتی شارەوانی كه بۆ شوێنهكهیه، ئەوی دیکەش مۆڵەتی ژینگەیه تاکو بزانرێت پاشەڕۆی ئاژەڵەکان چ لێ دەکەن، بێ ئەوەی جۆگەکان و کۆڵانەکان پیس بکەن. جا ژینگە رێگەپێدانی خۆی هەیە. کەی ئەو دوو شوێنە مۆڵەتیان دا ئەو شوێنانە بکرێتەوە بۆ راگرتن و فرۆشتنی ئاژەڵان ئینجا ئێمە دەتوانین وەکو ڤێتیرنەری رێگەبدەین.
بۆچی تەنیا پەیمانگای ڤێتیرنهریمان هەیە، زانکۆمان نییە؟
ئەو بابەتەیە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە، زیاتریش لەبەر ئەوەیە چونکە زانکۆ لە سلێمانی و دهۆك هەیە. دەرچووی زۆریشمان هەیە لەو بەشە ئەو هەلە ناگونجێ هەمووان دابمەزرێنین. ئێمە دکتۆرێکی زۆرمان هەیە لە هەولێر هەرچەندە زانکۆشی نییە بەڵام دکتۆری ڤێتیرنەری زۆرە، نە دامەزراون نە نۆرینگەشیان هەیە.
به ههموو شێوهیهك قیمهى ئامادهى گۆشت
قهدهغهیه
ئەوەی تێبینی دەکرێت لە کوردستان تا ئێستا نەخۆشخانە تایبەت نییە هۆکار چییە؟
نەخۆشخانە بۆ ئاژەڵی جوانی لە هەولێر و دهۆک نییە ئەگەرنا لە سلێمانی سێ تا چوار نەخۆشخانە هەیە تایبەتە بە ئاژەڵان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی دارایی، زۆربەی خەڵک ئهگهر بارودۆخى دارایشییان باش بێت، بەڵام ناتوانی رۆژانە ١٠٠ دۆلار بداته نەخۆشخانەکان بۆئەوەی چارەسەری ئاژەڵەکەی بکات. بۆ نموونە من خۆم نۆرینگەم هەیە هەموو شتێك لەو نۆرینگەیە هەیە پێداویستی نەشتەرگەری، سۆنار، دەرمان، بەڵام بە ناوی نەخۆشخانە نییە. لەبەر ئەوەی ئەگەر بیکەیە نەخۆشخانە دەبی کارمەندت زیاد بکەی، کرێی دێتە سەر، هەر کات کەسێک بیەوێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکەی بکات پارەیەکی باشی دەوێت خەڵکانیش دەڵێن ئەو پارەیهی لەو ئاژەڵەى خهرج دهكهین، دەچین دانەیەکی ترى پێ دەکڕین. لە سلێمانی چەند دکتۆرێکن بەیەکەوە نەخۆشخانەیەکی تایبەتیان داناوە ئەو نەخۆشخانەیە تەنیا بۆ ئاژەڵی جوانی نییە بۆ پەلەوەر و باڵندە و ماسییە.
سەبارەت بە هاوەردەکردنی ئاژەڵان ئێوە چ مەرجێکتان هەیە هەموو رێکارییەکان لای ئێوە دەکرێت؟
بۆ ئاژەڵی جوانی ئێمە دوو جۆرمان هەیە یەکهم باڵندەکان دەبێت لە وەزارەتی کشتوكاڵ رێگەپیدانی هەبێت، لەگەڵ ئەوەش ئهو كهسهى كه هاوردهى دهكات دهبێت شارەزایی هەبێت. دووهم شوێنی کەرەنتینی هەبێت واتا ئەو ئاژەڵانەی لە دەرەوەی وڵات دێن دەبێ چەند رۆژ لە شوێنێك دابنرێت و بۆ ماوەی ٢١ رۆژ لهژێر چاودێرى بن، کە زانیمان نەخۆشی نییە ئینجا دەیدەینە دەست خاوەنەکەی. گرنگتر لەوە ئهو ئاژەڵانەی کە لە دەرەوەی وڵات دێن دەبێ نووسراوی رێگەپێدانی هەبێت لە لای ئێمە دەست پێدەکات، لە وەزارەتی کشتوکاڵ پێی دەدرێت چەند رێنمایمان هەیە یەک لەو رێنمایانە دەبێت بڕوانامهى تەندروستی تێدابێت لە هەمان کات ئەو وڵاتە نەخۆشی سنووربەزێنی تێدا نەبێ، واتا نابێت نەخۆشیەک لەو وڵاتە هەبێت لە هەرێم نەبێت، ئاژەڵەکان گشتیان کوترابن هیچ کێشەیەکیان نابێت، ئینجا رێگا دەدەین بێنە سنوور، ئاژەڵی جوان زیاتر لە فڕۆکەخانەوە دێتە هەرێمی کوردستان.
بەهۆی وشکەساڵی ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت چ زیانێك بە کەرتی ئاژەڵ بگات؟
هیچ زیانێک بە ئاژەڵی جوانی ناگات، چونکە ئاژەڵی جوانی کەسانی خۆی هەیە شوێنی تایبەتی خۆی هەیە کە لێی بەخێو دەکرێت، بەم هۆیە ئەوانە وشکەساڵی کاریان تێ ناکات. بەڵام بە ئەوانی تر وەک (مەر، بزن، مانگا) ئەوانە وشکەساڵی کاریگەری لەسەریان ههیه، بەهۆی ئەوەی خواردنەکەی کەم دەبێت، ئاوی کەمتر دەبێت، شوێنیان گەرم دەبێت. ئەمانەش وا دەکات کاریگەری بەرهەمی شیریان کەم بکات هەموو ئەو شتانە وا دەکات خاوەن کێڵگەکە خۆراکیان زیاتر بۆ بکرێت تاکو بژی.
بۆ هاوردهكردنى ئاژهڵى جوانى
كۆمهڵێك مهرجمان ههیه
كامه ئاژهڵ زۆر هاورده دهكرێت؟
کۆمپانیاکان ئێستا روویان لە هێنانی ئاژەڵی زیندوو کردووە، وەکو جوانەگا و مەڕ بە مەبەستی فرۆشتنی بۆ سەربڕین، بە پلەی دووەم باڵندەی جوانی وەکو بولبول و کۆکتێل و غەندورە، ماسی جوانیش زۆر هاوردە دەکرێت. خەڵکێکی زۆر لە ماڵان بەخێویان دەکات لەبەر ئەوەی تێچووی کەمە، مردنیشی خێراترە بە تایبەت گەر بە باشی ئاگاداری نەبیت.
جەنابت لە لیژنەی قایمقامی هەولێری زۆرترین بەرهەمی ئاژەڵی کامەیە کە دەستی بەسەر دادەگرن ؟
ئێمە وەکو خۆمان ناچین بۆ ئەو شوێنانە بەڵام لیژنەیەکی تایبەی هەیە ئەندامی قایمقامی تێدایە سەندیکای تەندروستی لەگەڵ پزیشکێکی ڤێتیرنەری ئەوانە دەچن ئەو شوێنانە کە مامەڵە بە ئاژەڵ دەکەن. زۆرترین خواردن دەستی بەسەر داگیرابێت گۆشت بووە. لەبەر ئەوەی گۆشت ماوەی بەکارهێنانی سێ رۆژە پاش ئەو ماوەیە گۆشتەکە تێکدەچێت بە تایبەت لە خواردنگاکان یاخود دەبینین لە گۆشتفرۆشەکان گۆشتەکە نافرۆشرێت دەبێتە هۆی تێکچوونی بەم هۆیە هەیە دەیکاتە قیمە، قیمەش قەدەغەیە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت مارکێتەك یاخود گۆشتفرۆشێك قیمەی هەبێت. دەبێت قیمە لەسەر داواکاری هاووڵاتی بکرێت، لەبەر ئەوەی کە گۆشتی قیمەت کڕى نازانیت چی تێدایە چ گۆشتەکی تێکرایە ئایا ئەو گۆشتەی کە تێکرایە رۆستە یاخود خاوێنە و نوێیە. جا باشتر وایە بە پێ رێنمایەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو قیمەیە لەپێش چاوی هاووڵاتیان دروست بکرێت.
ئەگەر گۆشتفرۆشێک گۆشتی قیمە کراوی هەبوو ئێوە چ کاردانەوەیەکتان دەبێت؟
گۆشتەکە لەناودەبرێت لە هەمان کات غەرامە دەکرێت، ئەگەر بۆ جاری دووەم ههمان شتى دووباره كردهوه شوێنەکە دادەخرێت و سزا دەدرێت و جاری سێیەم مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە. غەرامەکە لای ئێمە کیلۆ گۆشتێک بە پێنج هەزارە، بەڵام غەرامەیەکی ترمان هەیە لە قایمقامیهت لە ملیۆنێك تا پێنج ملیۆنە، جا بە پێى شوێنەکەیە.
لەگەڵ کەرەنتینە ژمارەیەکی زۆر سەگی بەرەڵا هاتوونهتە ناو شار، ئێوە وەکو ڤێتیرنەری بەداواداچوونتان کردووە کە ئەو سەگانه نەخۆشیان هەڵگرتووە یاخود نا، چ زیانێکی تەندروستییان بۆ هاووڵاتیان هەیە؟
پڕۆژهمان بۆ خهساندنى سهگه بهڕهڵاكان ههیه
وەکو ڤێتیرنەری ههولێر هیچ بەدواداچوونێکمان بۆ نەکردوون، پێویست ناکات بەدواداچوون بکەین، چونکە حاڵەتەکە لەبەر چاوماندا دیارن هەموو هەڵگری ڤایرۆسن هەموویان نەخۆش و گڕوون. چەندەها چارەسەرمان داناوە یەکێک لەوانە کوشتن بوو بەڵام ئێستا ناکرێت بەهۆی ئەوەی رێکخراوێکی زۆر بەرگرییان لێ دەکەن، بەڵام چارەسەری تر هەیە دەتوانین ستاف و شوێن دابین بکەین بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی خەساندنی سەگەکان لەبەر ئەوە باشترین چارەسەرە. ئهگەر حکومەت ئەو کارە نەکات دوو تا سێ ساڵی دی سێ قات لەوەی ئێستا زیاتر دەبێت.
ئـێمە چەندەها سكاڵامان بۆ هاتووە لە لایەن هاووڵاتیانەوە کە ئەو ماڵە سەگیان راگرتووە، رەنگە سەگیان رانەگرتبێت تەنیا سەگێکی کۆڵانە هاتوچۆ دەکات ماڵێك لە ماڵان خواردنی پێ دەدات و دراوسێکانیش بێزار دهبن.
ئێستا لە شیلتەری هەولێر رێکخراوێک دانراوە نزیکەی ٣٥٠ سەگ هەیە، هەموو کوتراون چارەسەریان وەرگرتووە هیچ کێشەیەکیان نییە. بێجگە لەوەی ٣٠٠ تا ٤٠٠ دیکە لە دەرەوەی شێڵتەر خزمەت دەکرێن ئەوانەش هەموو کوتراون، بۆچی خەڵکەکە ناچێتە ئەوێ سەگ لەوێ وەرگرێت لە جیاتی ئەوەی سهگ بکڕێت بە ٣٠٠ تا ٤٠٠ دۆلار کە کەمترین نرخە، ههیانه بە ههزار و 500 دۆلار. بیانیەکانی ئێرە زۆربەیان سەگی کۆڵان بەخێو دەکەن سەگ ناکڕن کاتێ سەفەریش دەکەن لەگەڵ خۆیان دەبەن لێرە بە جێیان ناهێڵن. بەڵام خەڵکانی خۆمان دەبێ سەگەکی نایاب بکرێت سهگێك دەبێ بێدەنگ بێت، نابێ پیسی بکات. رۆژەك ئافرەتێك هاتە نۆرینگەکەم گووتی ددانی سەگەکەم بۆ دەربێنە، نەمتوانی هیچ بڵێم بەهۆی ئەوەی دەیگوت "با ماڵ پیس نەکات دەنگە دەنگی نەبێت".

0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment