پەرلەمان ڕاسپاردەیەکى شەشى خاڵى بۆ حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەنێرێت کوردستانی

نوچەنێت:

سێ لیژنەى پەرلەمانى کوردستان، ڕاسپاردەیەکى شەش خاڵى لە ڕێگەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان بۆ حکوومەت دەنێرن، نەهێشتنى لێبڕینى مووچە یەکێکە لە خاڵەکانى ئەو ڕاسپاردەیە.

لیژنەکانی یاسایی، دارایی و کاروباری ئابووری، وزە و سامانە سرووشتییەکان و پێشەسازی و بازرگانی، راسپاردەیەکیان ئامادەکردووە تاوەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بینێرن، کە پێکهاتووە لە بوارەکانى، دۆسییەی نەوت، گومرکەکان، باج و رسۆمات، کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، مووچەخۆرانی گرێبەست و وانەبێژان.

 

دەقى ناوەڕۆکى راسپاردەکەى پەرلەمانى کوردستان بۆ حکوومەتى هەرێمى کوردستان:

 یەکەم: دۆسییەی نەوت

 دووەم: دۆسییەی گومرکەکان

 سێیەم: باج و رسۆمات

چوارەم: کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا

پێنجەم: جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی

شەشەم: مووچەخۆرانی گرێبەست و وانەبێژان

دەقی راسپاردەکەی پەرلەمانی کوردستان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان :

 

بەڕێز سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان

بابەت/ راسپاردە

 رێز و سڵاو ...

 لەسەر داوای سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە رۆژی 28-6-2021 هەرسێ لیژنەی یاسایی، دارایی و کاروباری ئابووری، وزە و سامانە سرووشتییەکان و پێشەسازی و بازرگانی، لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی (17کاژێری) پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی تیمی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دۆخی دارایی لە هەرێمی کوردستان. لە رۆژی 7-7-2020 هەر سێ لیژنەی پەرلەمانی کۆبوونەوی هاوبەشی خۆیان ئەنجام دا و ئەم راسپاردانەی خوارەوەیان ئامادەکرد کە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە (لێبڕینی مووچە و کارکردن بۆ کۆکردنەوەی تەواوی داهاتەکان بۆ خەزینەی حکومەت).

راسپاردەکانی پەرلەمانی کوردستان خۆی لە شەش تەوەر دەبینن، هەر هەموویان یارمەتیدەر دەبن بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەستی کراوە دەبێ بۆ باشتر کۆکردنەوەی داهات، کە بە شێوەیەک دابەشبکرێت کە چی دیکە پێدانی مووچە لە هەرێمی کوردستان دوانەکەوێت و بەبێ لێبڕینی 21٪ دابەشبکرێت.

هەروەها باشترکردن و رێکخستنەوەی داهات لە هەرێمی کوردستان، رۆژانە ئەو داهاتە کۆبکرێتەوەو بە ئامانجی ئەوەی هەر 30 رۆژ جارێک مووچە دابەشبکرێت و لەکاتی خۆیدا و بەکەمترین ماوە مووچە بگاتە دەست مووچەخۆران.

هەروەها داوادەکەین، حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری جددی بکات بۆ ئامادەکردن و ناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو لانیکەم شەفافییەت لە داهات و خەرجیی حکومەت بەدیبکرێت و، دادپەروەری هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان.

 

یەکەم: دۆسییەی نەوت:

حکومەت پەلە بکات لە ئەنجامدانی چاکسازی لە مەلەفی نەوت بە گوێرەی رێکارە یاساییەکان، بە شێوەیەک لە کرێ و خەرجی کۆمپانییاکانی نەوت، بە ئاراستەی ئەوەی خەرجی نەوتی کە (58٪) کەمبکرێت و زۆرترین داهاتی نەوت بۆ حکومەت بگەڕێتەوە. بۆیە داوا دەکەین، رێکخستنەوە لە گرێبەستەکانی نەوتدا بکرێت، هەروەها کەرتی نەوت بەرەو پێشەسازی ببردرێت. ئەمەش یارمەتیدەردەبێت بۆ حکومەت لەبەردەستبوونی داهاتی زیاتر، لانیکەم بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆران بە بێ لێبڕین.

 

داوا دەکەین حکومەت ئەم هەنگاوانە بە خێرا بگرێتەبەر بۆ زیاتکردنی داهاتی نەوت وەک ئەوەی لە دوایین راپۆرتی دیلۆیتدا هاتووە:

1- پێداچوونەوە و وردبینیکردن بە خەرجیی کۆمپانیاکانی نەوت (کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری، سیستەمی پێدانی مووچە و بەکرێدانی ئالییات، پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیاکان لەلایەن کۆمپانیای ئەمنی کەرتی تایبەتەوە).

2- پێداچوونەوە بە گرێبەستی کرێی بۆری نەوت.

3- پێداچوونەوە بە سیستەمی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەک ئەو داشکانەی دەکرێت بەرەو کەمکردنەوە بچێت.

 

دووەم: دۆسییەی گومرگەکان:

 

1- لیژنەی دارایی و کارۆباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونی مەیدانی بۆ دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. ئەوەی بەدیکراوە لە گومرگەکانی فەرمی و نافەرمی، وەک پێویست داهاتەکانی بۆ حکومەت کۆناکرێتەوە و ناگەڕێتەوە خەزینەی حکومەت. بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هەنگاوی جددی و خێرا بگرنە بەر، بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان لە هاوردەکردنی کاڵاکان بەرێگەی قاچاغ و کاری قاچاخچییەتی. ئەمە وادەکات داهات زیادببێت.

2- ئەنجوومەنی وەزیران پەلە بکات لە وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی لەسەر گرێبەستەکانی حکومەت لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی خزمەتگۆزاری پێشکەش دەکەن لەنێو دەروازە سنوورییەکان بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی حکومەتدابێت کە لانیکەم گرێبەستەکان (50 بە 50) بێت. هەروەها هەندێ کۆمپانیا لە خاڵە سنوورییەکان کارەکانیان حکومەت خۆی بیکات وەک (تەعقیم، سۆنەر، قەپان و راگەیاندنی گومرگی).

3- سیستەمی بانکی ئەلیکترۆنی لە دەروازەکان دابنرێت، رۆژانە کۆی داهاتی دەروازەکان بە شەفافییەت تێیدا تۆماربکرێت، ئەم سیستەمە لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەبێت کە رۆژانە چاودیریی داهاتی دەروازەکان بکرێت.

4- دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت، بۆ ئەوەی یەک سیاسەتی دەروازە سنورییەکان لە هاوردەکردن و داهات هەبێت.

 

سێیەم: باج و رسوومات:

رێکخستنەوە و سیاسەتی ئێستای باج لە هەرێمی کوردستان لەسەر هاونیشتمانیانی کەمدەرامەت رەنگی داوەتەوە

هەست دەکرێت لە کۆکردنەوەی باج دادپەروەری نییە لە نێوان پارێزگاکان، پێویستە ئەنجوومەنێکی هاوبەش دروستبکرێت بۆ دانانی ستراتیژییەتی باج تاوەکو (فەجوا) لە کۆمەڵگە دروست نەبێت. ئەم ئەنجوومەنە لەنێوان هەر یەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بازرگانی و پێشەسازی، دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی سیاسەت و سیستەمێکی رێکخراو هەبێ لە وەرگرتنی باج. هەروەها عەدالەت هەبێ لە وەرگرتنی باج کە بەشیوەیەک نەبێ لە هەندێ کۆمپانیا وەربگیرێت و لە هەندێکی دیکە وەرنەگیرێت.

 

چوارەم: کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا:

پێویست دەکرێت پێداچوونەوەی جددی بکرێت لە گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا، چونکە حکومەت خۆی دەڵێت داهاتی کارەبا وەک پێویست کۆناکرێتەوە. هەروەها هەنگاوی جددی بهاوێژرێت بۆ بڕینی هێڵی کارەبا کە دەدزرێت. ئەمەش وا دەکات داهاتی کارەبا زیاتر کۆبکرێتەوە. کە مانگانە 80 ملیۆن دۆلار خەرجی کارەبا هەیە و داهاتەکەی 40 ملیۆن دۆلارە؟

هەروەها قەرزەکانی حکومەت لای هاونیشتمانییان بە پلانێکی نوێ وەربگرێتەوە کە دیدڵاینەکەی 5 ساڵ بێت بە شێوەیەکی قیست، ئەویش قەرزی (کارەبا، ئاو و قەرزەکانی دیکە) کە ساڵانە 20٪ وەربگیرێت.

 

پێنجەم: جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی

داوا لە حکومەت دەکەین هەموو هەوڵەکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و نەهێشتنی رێگرییەکانی بەردەم ئەم یاسایە و ئاشکراکردنی ئەو کەس و لایەنانەی ئاستەنگ بۆ ئەم یاسایە دروست دەکەن. داهاتی یاساکەش بەشێوەیەکی دادپەروەرانە وەک لەنێو خۆدی یاساکەدا هاتووە بۆ زیادکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەبێ کە کەمترین مووچەیان هەیە.

شەشەم: مووچەخۆرانی گرێبەست و وانەبێژان

پێویستە لەسەر حکومەت دیراسەتێکی جددی بکات لەسەر چارەسەرکردنی گرفتی مووچەخۆرانی (گرێبەست و وانەبێژان) لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو دڵنیابن لە داهاتووی خۆیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین