عومه‌ر گۆڵپى: هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى كه‌مئه‌ندامان گرنگه‌ به‌ڵام گرنگتر جێبه‌جێكردنییه‌تى کوردستانی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

عومه‌ر گوڵپى په‌رله‌مانتار له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت باس له‌ گرنگى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى ماف و ئیمتیازاتى كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ گۆڕانكارییه‌كان گرنگ بێت به‌ڵام گرنگتر له‌وه‌ جێبه‌جێكردنى یاساكه‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردوو شه‌شى ته‌مووز، په‌رله‌مانى كوردستان خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ هه‌موارى یه‌كه‌مى یاساى ماف و ئیمتیازاتى كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت ژماره‌  22 ى ساڵى 2011  له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ هه‌شتى ته‌مووز ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت.

عومه‌ر گوڵپى په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى "نوچه‌نێـت" باس له‌گرنگترین ئه‌و خاڵانه‌ ده‌كات كه‌ له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه‌دا هاتووه‌. عومه‌ر گوڵپى له‌سه‌ره‌تاى قسه‌كانى گوتى، "دەتوانین بڵێین دوو سێ بڕگەى گرنگه‌، خاڵی یەکەم هەندێ شتی رووکەشییە بۆ نموونە، پێناسەی ناوی کەمئەندام، خاوەن پێداویستی تایبەت، بەتایبەت ئەوەی گرنگە لەم یاسایە وشەی کورتەباڵا زیاد کراوە، ئەمە شتێکی باشە چونکە پێشتر کورتەباڵاکان گلەییان دەکرد دەیانگووت ئەمە یاساى ئێمە نییە لەبەرئەوەی ناوی ئێمە نەهاتووە ئێمە کەمئەندام نین، خاوەن پێداویستی تایبەت نین، بەڵکو تەنیا دەبێ پێمان بگووترێ کورتەباڵا".

خاڵێكى ترى گرنگ به‌ بڕواى ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ رووى كارگێڕییه‌وه‌ گۆڕانكارى له‌ ئه‌نجومه‌نى چاودێرى و شیاندنى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت كراوه‌، چونكه‌ پێشتر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ چه‌ند وه‌زاره‌تێك هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا له‌ چه‌ند وه‌زاره‌تێكى تریش زیاد كراوه‌، عومه‌ر گوڵپى گوتى، "ئەم ئەنجومەنە چەند وەزارەتێک ئەندامن لەناوی، بە ناونیشانی بەڕێوەبەری گشتی داده‌نرێـن، وەکو وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمجارە لەم پرۆژەیاسایە دوو سێ وەزارەتی تریش زیادکراون وەکو وەزارەرتی دارایی، وەزارەتی شارەوانی، ئەمەش بە خاڵێکی گرنگ دادەنرێت، هەروەها لە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنەکەش هێندێك بڕگە زیاد کراوە".

عومه‌ر گوڵپى په‌رله‌مانتار پێیوایه‌ گرنگى ئه‌و خاڵه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ سکاڵای هەر خاوەن پێداویستی تایبەتێک یان هەر رێکخراوێکی کەمئەندامییان هەر کەسێک وەردەگرێ و دەیخوێنێتەوە بڕیاری لەسەر دەدات. ده‌بێته‌ شوێنێک بۆ سکاڵای خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەگەر خانەوادەیان بن یان خۆیان بن کاتێک لە وەزارەتێک یان لە بەڕێوەبەرایەتیەک یان لە شوێنێک توشی کێشەو گرفت دەبنەوە.

گرنگى هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ له‌ڕووى دارایى و بژێوییه‌وه‌

له‌ته‌وه‌رێكى ترى گفتوگۆكه‌ى له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت، عومه‌ر گوڵپى هاته‌سه‌ر گرنگى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه‌ له‌ڕووى دارایى و بژێوییه‌وه‌ بۆ كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت، عومه‌ر گوڵپى گوتى،  "خاڵێکی تر ئەوەیە بابەتی ئەو کەمئەندامانەی کە فەرمانبەرن لە حکومەتدا، مووچەی کەمئەندامیەکەیان کە نزیکەی ١٠٠ هەزارە بۆیان بکرێتە دەرماڵە، واتا پێویست ناکات ئەو کەمئەندامانە بچن لە فەرمانگەی کەمئەندامان یان تۆری پاراستن یان بانکەکان بە جیا ئەو پارەیە وەرگرن. وەکو ئاسانکاری بۆیان بکرێتە دەرماڵە لەگەڵ مووچەکەی خۆیان وەریبگرن وەک چۆن فەرمانبەر دەرماڵەی خێزانی و بڕوانامەی هەیە بەهەمان شێوەش دەرماڵەی کەمئەندامی وەربگرێت و لەدوای خانەنیشینیش بەردەوام بێت".

ده‌بێت كه‌رتى تایبه‌تیش هه‌لى كار بۆ كه‌مئه‌ندامان دابین بكات

 

هه‌ر له‌ ته‌وه‌رى بژێوى و دارایى عومه‌ر گوڵپى باسى له‌ دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كاركردنى كه‌مئه‌ندامان كرد له‌ كه‌رتى تایبه‌تدا ئه‌و گوتى، "سەبارەت بە دۆزینەوەی کار لە کەرتی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، لە یاساکەی پێشتر شتێکی تێدا بوو حکومەت چونکە جێبەجێ نەدەکرد ، کەرتی تایبەتیش جێبەجێ نەدەکرد، ئەویش ئەوە بوو کەرتی تایبەت لە ٥٪ کارمەندەکانی بکاتە کەمئەندامان بەو مەرجەی پاش سێ ساڵ نیوەی مووچەکەی حکومەت بیدات ئێ بێگومان حکومەت ئەو مووچەی نەدەدا بە بیانووی ئەوەی پارەی نییە، کە حوکمەت پارەکە نەدات هیچ دەزگایەکیش نییە تا کەرتی تایبەت ناچار بکات بە جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە، بەڵام ئەمجارە ئەو خاڵە لادراوە. بەو جۆرە دانراوە کە کەرتی تایبەت پابەندە بەوەی رێژەی کارمەندەکان لە ٥٪ بە ناچاری بداتە کەمئەندامان، ئەمەش هەر لە قازانجی خاوەن پێداویستی تایبەتە، ئەوانە گرنگترین گۆرانکارییەکانن".

سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ى كه‌مئه‌ندامانیش گۆڕانكاریى له‌ یاساكه‌ كراوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك روونتر بێت، عومه‌ر گوڵپى له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ گوتى، "بابەتى مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت بەپێی رێژەی کەمئەندامی بگاتە ٢٥٠ هەزار دینار، روونتر لەم یاسایە نووسراوە، لە یاساكه‌ی پێشوو هەبوو بەڵام روون نەبوو، لەم یاسایە باشتر روون کراوەتەوە کە خاوەن پێداویستی تایبەت کە ئێستا بە رێژەی لە ٥٥٪ دەستپێدەکات پارەکەی لە ١٥٠ هەزار دینارە ئەگەر رێژەی کەمئەندامیەکەی بگاتە ١٠٠٪  مووچەکەشی ده‌کرێتە ٢٥٠ هەزار دینار، واتا کەمترین مووچەی کەمئەندامی ئەوەی کە هیچ مووچەیەکی نییە ١٥٠ هەزار بێت، زۆرترینی ٢٥٠ هەزار بێت بە پێی  رێژەی کەمئەندامیەکەی."

له‌میانه‌ى قسه‌كانى بۆ نوچه‌نێت، چه‌ند جار عومه‌ر گوڵپى دووپاتى له‌سه‌ر گرنگى هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ كرده‌وه‌ و له‌وانه‌ گوتى، "خۆی ئەم هەموارکردنەوەیه‌ باشە هەندێ خواستی خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدایە بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێ حکومەت پابەند بێ بەجێبەجێکردنی"

پێشتر رێکخراوەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت رەخنەیان لە جێبەجێ نەکردنی یاساى ژمارە (٢٢) ساڵی ٢٠١١ گرتووە، گوایە هیچی جێبەجێ نەکراوە، باسیان له‌وه‌یش كردووه‌ كه‌ ئه‌و یاسایش خاڵى گرنگى تێدا بووه‌، عومه‌ر گوڵپى ده‌ڵێ، "قسەکەیان راستە کەمتەرخەمیکی زۆر لە وەزارەتی کار و دامەزراوەکانی وەزارەتی کار هەبووە، هەروەها کەمتەرخەمیکی زۆر لە وەزارەتی دارایی هەبوو، کەمتەرخەمی لە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا هەبووە، چونکە ئەوانە پەیوەندیدارن بە بابەتی رەخساندنى هه‌ل و دابینكردنى پێداویستییەکانی خوێندن بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت".

عومه‌ر گوڵپى په‌رله‌مانتار له‌ كۆتایى قسه‌كانى دووپاتى كرده‌وه‌، ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ نه‌مێنێ كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كانى حكومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت به‌رانبه‌ر كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت هه‌یه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین