د. مونا یاقۆ : ئه‌گه‌ر پێشتر له‌م پۆسته‌ بوومایه‌ یه‌كه‌م چركه‌ له‌ دۆسیه‌ى حوكمدراوانى بادینان ئاماده‌ ده‌بووم کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. مونا یاقۆ سەرۆکی دەستەی سه‌ربه‌خۆى مافی مرۆڤ له‌ كوردستان لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت رایگه‌یاند، ده‌سته‌كه‌یان سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى راپۆرتێكى نهێنییه‌ سه‌باره‌ت به‌ حوكمدراوانى بادینان و سه‌باره‌ت به‌ دواكه‌وتنى هه‌ڵوێستى ده‌سته‌كه‌یش ده‌ڵێ، "ئه‌گەر من لەوێ بوومایە لە یەکەم چرکە دەبووایە له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان ئامادە بم".

رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ سه‌ردانى حوكمدراوانى بادینانى كردووه‌، ئەمرۆ پێنجشەممە هەشتی تەمووز د. مەنا یاقۆ لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت  سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ گووتی، "سەردانەکەی ئێمە بۆ لای زیندانیانی بادینان بوو، ئێمە مەبەستمان ئەوە بوو بزانین راستی بابەتەکە لە کوێیە، لەبەر ئەوەی لە میدیاکان زۆر شتمان گوێ لێدەبوو. ویستمان دڵنیا ببینەوە کە چ راستە، دانیشتین لەگەڵ بەرێوبەری زیندانییەکان و لەگەڵ دەستگیرکراوان کە پێنج لەوانە حوکمدراون و دووانیشیان تاکو ئێستا حوکم نەدرابوون. زۆر شت هەیە بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی کە دەبێت بۆیان دابین بکرێت لە نێو زیندانه‌كه‌، جا لەکاتی لێکۆڵینەوە بێت یاخود لە کاتی سزادان بێت، ئیتر ئێمە هەڵسەنگاندنمان دەبێت بۆ ئەوان بەگوێرەی پێوەری نێودەوڵەتی. راپۆرتێکی نهێنی دەکەینەوە لەبۆ ئەو لایەنانە کە پەیوەندیدارن، تاکو بزانین چی باشە بکرێت و چی نەدەبوایە بکرێت بەپێی ئەو پێوەرانە، بەڵام راپۆرتەکەمان نهێنی دەبێت".
سەبارەت بەوەی بۆچی ناوی دەنێت راپۆرتی نهێنی مونا یاقۆ گووتی، "مەبەستم ئەوە نییە کە لەناو میدیاکان بیکەمە بابەت و باسی بکەم، لە کۆتایشدا بە هیچ ئامانجێك نەگەم، لای من کارەکە باشتر وایە خزمەت پێشکەش بکەین بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان پێیە بەڵام بە رێگایەکی ئارام و لەسەرخۆ گفتوگۆ بکەین لەگەڵ چەند لایەنێك کە پەیوەندیدارن".

لەبارەی دواکەوتنی هه‌ڵوێستى دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر ئەم دۆسیەیە، مونا یاقۆ گووتی، "من نامەوێت باسی سەرۆکی دەستەی پێشوو بکەم، بەڵام ئه‌گەر من لەوێ بوومایە لە یەکەم چرکە دەبووایە ئامادە بم بە تایبەتی لە رۆژی لێپێچینەوەیان، چونکە ئەرکێکی یاسایی و مرۆڤیە و ئەرکێکی پیرۆزە کە لەسەر ئاستی دەستەی مافی مرۆڤە کە دەبی ئامادەبی لەو کاتانەدا و بیروڕای خۆت دەربڕی بێ موجامەلەکردن بۆ هەر کەسێك". 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین