دوو كچه‌ قوتابى به‌شى كیمیا میكاژى خۆماڵى به‌رهه‌م ده‌هێنن رەنگاورەنگ

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

بەناز ستار و پرژە نەجمەدین دوو كچى دواقۆناغى به‌شى كیمیان له‌ زانكۆى سلێمانى، ئه‌وان چه‌ند ساڵێكه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ دروستكردنى پێداویستى جوانكاریى بۆ خانمان، ناوى "چواڵه‌"شیان له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان ناوه‌. له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت به‌ناز ستار باس له‌و پڕۆژه‌یه‌ى خۆى و پرژه‌ ده‌كات.

چۆن بوو بیرت لەم پڕۆژەیەی جوانکاریی کردەوە؟

من و کچێك کە ناوی پرژەیە هەردووکمان قوتابی زانستی کیمیاین، کە رۆیشتین بۆ ئەو بەشە زانیمان کە دەتوانین شت بەرهەم بهێنین، چونکە بوارەکەی ئێمە ئەوەیە. سەیرمانکرد هەموو قوتابییەکان کاتێك دێن بۆ قۆناغی یەك و دوو هەوڵی کاری  خۆبەخشی دەدەن لە تاقیگه‌کان تەنیا دەیانویست کێبرکێی بوارى خوێندنەکەی خۆیان بکەن. من و پرژەش ئەوکات کۆمەڵیك کێشەی پێستمان هەبوو، دواتر بایکۆتی کاڵای تورکی کرا، کاتێک دەمانویست بایکۆتی ئەو کاڵایانە بکەین سەرنجماندا هەموو شامپۆ و سابوون و بەرهەمەکانی تر تورکی بوون، دواتر بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی هاتەپێشه‌وه‌، لەو کاتەدا بیرم کردەوە ناکرێت هەر شتێك بێت ئێمە بایکۆتی بکەین و خۆشمان هیچ کاڵایەکمان نه‌بێت. لەسەر ئەو بەرهەمانە خۆمان کۆکردۆتەوە، هیچ کاڵایەکی کوردیمان نییە، جێگای ئەوانە بگرێتەوە. سەرەتا شتی سروشتیمان هەڵبژارد چونکە بابەتەکەی ئێمە سەرەتایە و بابەتێکی هەستیارە با راستەوخۆ نەچینە نێو بابەتە کیمیاییەکان، چونکە گەر لایەنی کەم کەسەکە سوودی لێ نەبینێت هەر هیچ نەبێت با زیانی نەبێت بۆ پێستى.

 

به‌ناز ستار: به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ كیمیا شاره‌زایين ئه‌و ماددانه‌ به‌كارناهێنین كه‌ زیانیان بۆ پێست هه‌یه‌

 

ئایا لە کارەکانی جوانکاریی پشت بە سەرچاوەی سروشتی "گژوگیا و پێکهاتە سروشتییەکان" یان کیمیایی دەبەستیت؟

پشت بە سەرچاوەی سروشتی دەبەستین، ماددەی کیمیایی تێدا بەکارنەهاتووە، هەروەک گووتم گەر لایەنی کەم کەسەکە سوودی نەبێت هەر هیچ نەبێت با زیانی نەبێت بۆ پێستى. کە تۆ زانیت ئەم زەیتانە سروشتیین مه‌گەر چەند حاڵەتێکی تێدابێت هەستیاری هەبێت بەرانبەر ئەو گژوگیایە، ئه‌گینا هیچ کەس زیانى لێناکات. زۆربەی ماددەکان لێرە دەستدەکەوێت تەنیا قووتوەکان نەبێت لێرە دەستناکەوێت، بەداخیشم بۆ ئەوە.

دروستکردنی کەره‌ستەی میکیاژ و جوانکاریی چەندە لە پسپۆڕی خۆت نزیکە؟

من خۆم لە قۆناغی چواری بەشی کیمیام، لە بەشەکەی خۆمەوە نزیکە، دەزانم چۆن بەدواداچوونی بۆ بکەم دەزانم کە چ ئامێرێکی بۆ بەکاربهێنم بەهۆی ئەوەی کە لەبەشەکەمەوە خوێندوومە زانیاریم لەسەری هەیە. بۆ نموونە دەزانم چ جۆرە زەیتێك لەگەڵ یەك کارلێك دەکەن و کامیان تێکەڵکردنی پێکەوە زیانی هەیە.

ئایا سوود لە ئەزموونی کەسانی تر وەردەگریت، یان تەنیا لە یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاری کۆ دەکەیتەوە؟

هەر لە یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زانیاری کۆ دەکەمەوە. بەهۆی ئەوەی من لەو کارەدا دەتوانم بڵێم یەکەم کەس بووم کە دەستم بەو کارە کرد بوو، لێرە کەسێك نەبوو بڵێم لەچاو ئەو دەکەمەوە، یاخود سوود لە ئەزموونەکانی ئەوان وەرگرم.

ئەو پڕۆژەیە تۆ چەندە دەستمایەی دەوێ؟

کاتێك دەستمان بەو پرۆژەیە کرد، هیچ بڕێکی دیاریکراو پاره‌مان لە بەردەست نەبوو، بە بڕێکی زۆر کەم بە رۆژانەی ماڵەوە دەستمان پێکرد. لە پرۆژەماندایە کە کارەکانمان گەورەتر بکەین بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ کۆتاساڵی خوێندنمانە ناتوانین ئه‌و كاره‌ بكه‌ین، بەهۆی  ئەوەی ده‌رفه‌تێكى زۆر باشمان نییە، ئەم کارانەش ده‌رفه‌ت و کاتێکی زۆر باشى دەوێت.

کێن ئەوانەی پاڵپشتیت دەکەن، ئەی کریاڕەکانت کێن؟

ئێمە لە کوردستانین، بۆ کچ کاری خۆی هەبێت شتێکی ئاسان نییە، ئەگەر بێت لەلایەن ماڵەوە ره‌زامه‌ندى نه‌بێت و کەسوکار پشتی نەگرن زۆر قووڕسە. ماڵەوە کە پشگیرییان کردین شتیان بۆ ئاسان کردین، جگە لەوان مامۆستاکانی زانکۆ زۆر یارمەتیدەرمان بوون و پاڵپشتمان بوون.

کڕیارەکانی براندی چوالە لە سلێمانی، دهۆک، هەولێر، بەغدا خواستی بەکارهێنانی بەرهەمەکانی چوالەیان هەیە، هەموو تەمەنێکیش کڕیارن، چونکە بابەتەکانمان بۆ هەموو تەمەنێك دەگونجێ.

لە کاتێکدا دەرگا بۆ هاوردەکردنی میکیاژی بیانی کراوەیە، براندەکەی تۆ چۆن دەتوانێ کێبرکێیان بکات؟

هەروەک گووتم ئێمە لە بنەڕەت دا لەسەر بنەمای ئەوە دەستمان بە کار کرد، کە براندێکی کوردی هەبێت، خەڵك زیاتر گرنگی بە بردانی کوردی بدات، لەوەی لە براندێکی فەڕەنسی یاخود تورکی یاخود هەر یەکێك لە براندە جیهانیەکان. کاتیك دێن بۆ ئێرە زۆربەیان لە ماددەی کیمیاوی پێکهاتوون، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ لە رووی نرخە گونجاوە بەگوێرەی ئەوەی ماددەی سروشتی بەکاردەهێنین و کاری دەستە، هەر بەقەد ئەو نرخانەیە کە لە دەرەوە دێن بۆ نێو هەرێم.

هەوڵت داوە لە تاقیگە و دەزگا فەرمییەکانی تەندروستی پشکنین بۆ بابەتەکانت بکەیت؟

پێش ئەوەی دەست بەکار بکەم، بەهۆی ئەوەی کە قوتابی بووم، سەرەتا ویستم هەموو رێکارە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەم، ئینجا دەستم بە براندەکەم بکه‌م. بۆئەوەی تووشی هیچ کێشەیەک نەبم، هەر ئەوەش وایکرد دواکەوم لە ناساندی براندەکەم.

لەڕووی پێداویستییەکانی تر، وه‌ك بەرگ و لەقوتوونان چۆن دابینیان دەکەی؟

دیزان وکارەکان هاوڕێیه‌كى خۆمان بۆمان دەکات، وێنەگرتنی بابەتەکان هەر خۆمانین، تەنیا قوتووەکان نەبێت کە لێرە نین، لە چین یاخود وڵاتانی تر داوایان دەکەین. ئه‌مه‌یان تاکو ئێستا یەکێکە لەو کێشانەی کە هەمانە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین