“دواخستنی تاقیکردنەوەکان بە هۆی کۆڕۆنا بە دوور دەزاندرێت” کوردستانی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

لە کاتێکدا ژمارەی تووشبوانی کۆڕۆنا لە زیادبوون دایە، بڕیارە سبەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆببێتەوە بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگرێتەبەر ، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر و جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ "نوچەنێت" دووپاتیان کردەوە بە هیچ شێوەیەک ئەو رێکاریانە کاریگەری بۆ سەر پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی قوتابیان نابێت.

ژمارەی تووشبووانی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، بۆیە بڕیارە لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا سبەی سێشەممە 27 تەمووز کۆببێتەوە بۆ ئەوەی رێکاری نوێ دابنێن بۆ بەرەنگاربوونەوە کە بە دوور نازانرێت یەکێک لە رێکارییەکانى قەدەغەى سنووردارى هاتوچۆ یان قەدەغەى گردبوونەوە و کۆبوونەوەکان بێت، ئەمە لە کاتێکدایە پرۆسەى تاقیکردنەوەى پۆلە کۆتاکان بەڕێوەدەچێت. سەبارەت بەوەی پێشبینی دەکرێت چەندە بڕیارەکانی لیژنەکە کاریگەری لەسەر پرۆسەی تاقیکردنەوەی قوتابیان هەبێت، نوچەنێت پەیوەندی کرد بە چەند لایەنێکی پەیوەندیدار بە کەرتى پەروەردەوە.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر:

بە هیچ شێوەیەک تاقیکردنەوەکان دواناخرێن


بەشدار عەبدولخالق بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر لە لێدوانێکى بۆ نوچەنێت گوتی، " تا ئێستا  یەک تاقیکردنەوە ئەنجامدراوە کە رۆژی یەکشەممە بوو، بە شێوەیەکی رێکوپێک ئەو تاقیکردنەوەیە ئەنجام درا بە رێکارەکانی خۆپارێزی لەناو سەرجەم هۆڵەکان. چونکە ئێمە سەرجەم ئەو پێداویستیانەمان بەسەر هەموو هۆڵەکان دابەش کردووە، وەکو ماسک و تەعقیم . هەموو بەڕێوەبەرەکانی هۆڵەکانی چاودێرەکان و  قوتابیان ئاگادار کراونەتەوە کە پابەندی رێنمایەکانی وەزارەتی تەندروستی بن بۆ خۆپارێزی. هەروەها لە سەرجەم هۆڵەکان ئامێری فێنکەرەوە دابین کراوە لەگەڵ  کارەبای بەردەوام بۆئەوەی بێ کەموکوڕی قوتابیان بتوانن تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدەن. بەردەوامیش دەبین تاکو هەموو تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدرێن هەوڵدەدەین هیچ گرفتێک نەبێتە رێگر لەبەردەم قوتابیان".
هەر سەبارەت بە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان لەناو هۆڵەکانی قوتابخانەکاندا، موسلیم عەبدوڵا جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکى بۆ نوچەنێت دەڵێ، "ئێمە وەکو لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان هەفتەی رابردوو دانیشتنێکمان کرد بۆ ئامادەکاریی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی وزاری بۆ پۆڵی دوانزەی ئامادەیی زانستی و وێژەیی، باس لە کەشی ناو هۆڵەکان کرا. هەروەها ئامادەسازی بۆ دابینکردنی ئامێرەکانی فێنکەرەوە کە ئێستا ئێمە لە وەرزی هاوین داین و شەپۆڵێک گەرما هەیە. بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدەن ئەو ئامێرە فێنکەرەوانە دابین بکرێن لەگەڵ کارەبا بەشێوەیەکی رێکوپێک بۆ ناو هۆڵەکان"
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا کە لە دانیشتنەکەیاندا جەختیان لەسەر خۆپارێزی مامۆستایان و قوتابیان کردۆتەوە گوتی، "لەو دانیشتە جەختمان  لەسەر پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی کرد، کە ئێستا دەزانین شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە مەترسیەکی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کردووە، بۆیە پێویست بوو جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە خۆپارێزی بکرێت لەناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە کە هەم قوتابیان و هەم مامۆستایان پابەندی رێنمایەکان بن".
بڕیارە سبەى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆڕۆنا کۆببێتەوە و کۆمەڵێک بڕیار بدات، بۆئەوەى بۆ قۆناغى ئێستا بەرەنگارى پەتاکە ببێتەوە. بەڵام بەرپرسانى کەرتى پەروەردە بە دوورى دەزانن رێکارییەکان بەشێوەیەک بێت کار لە پرۆسەى تاقیکردنەوەکان بکات. 
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر دووپاتی کردەوە، "بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر تاقیکردنەوەکان نابێت چونکە تاقیکردنەوەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەبەر ئەوەی کاتی تەواومان لەبەر دەست نییە بۆیە بە هیچ شێوەیەک تاقیکردنەوەکان دواناخرێن و بەڵکو لە کاتی خۆى  بە رێکاری خۆپارێزی بەڕێوەدەچێت"
لای خۆشیەوە جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، "پێشتر ئێمە قسەمان کردووە لەسەر ئەگەری تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی و هەڵوەشانەوەی ئەو کاتانەی بۆ تاقیکردنەوە دانرا بوو چونکە ئێمە ئەمساڵ کاتێکی زۆرمان لێ رۆیی، کە سیستەمی خوێندن تێکچوو، لە هەموو قۆناغەکان، بۆیە تاقیکردنەوەکان دواناخرێن ئەوە ئەگەرێکی دوورە، بەڵام ئەوەی کە هەیە پێشبینیە چونکە هێشتان ئەو بڕیارە نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیندرێت، ئەگەر بڕیارەکەش دەرچوو رەنگە قەدەغەکە لە شەوە بۆ بەیانی بێت. لە هەر بارودۆخێک ئەو بڕیارە بدرێت لە رۆژیشدا قەدەغەی هاتوچۆ دەرکرێت، ئەوا رێگری لە قوتابیان ناکرێت ئەوانەی دەچنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە هەروەها  ئەو کەسانەش رێگەپێدراو دەبن ئەوانەی کە قوتابیان دەگوازنەوە بۆ ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین