لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان: بۆ خوێندنی ساڵی نوێ دەبێت سەرجەم مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن کوردستانی

سیهام میران، تایبەت بە نوچەنێت

گوڵستان باقی سلێمان ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكی بۆ نوچەنێتك بەردەوامی دەوامكردنی قوتابخانەكانی لەساڵی نوێ بە وەرگرتنی ڤاكسینی مامۆستایان بەستەوە و دووپاتیشی كردەوە دەبێت قوتابیان قەرەبووی ساڵی رابردوو بكرێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاب گوڵستان باقی سلێمان ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان باسی لە چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ساڵی نوێ كرد و گوتی، "لەبەر ئەوەی لایەنی جێبەجێکار خۆیان ئامادەکردووە ئەگەر هەموو مامۆستایان ڤاکیسن وەربگرن و بارودۆخ باشتربێت لە یەکی ئەیلوول دەست بە پرۆسەی خوێندن دەکرێتەوە. ئێمە بەدواداچوون دەکەین ئەگەر مەترسی کۆڕۆنا زیاتر بوو ئەوکات ناکرێت دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە، ناکرێت گیانی قوتابی و مامۆستا بخڕێتە مەترسیەوە"

لە لێدوانەكەی ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە وەزارەتی پەروەردە خۆی ئامادە كردووە، بۆئەوەی دەوامی قوتابخانەكان ئاسایی بێت. باسی لەوەش کرد بەهۆی ئەوەی هەندێك لە قوتابییەكان بە تایبەتی پۆلی یەكی بنەڕەتی ساڵی رابردوو زیانیان لە خوێندن بەركەوتووە،  بۆیە بیر لەوە كراوەتەوە قەرەبوو بكرێنەوە و كاتی زیاتریان بۆ تەرخان بكرێت، گوڵستان باقی گوتی، "چەند مانگێک پێش ئێستا لەگەڵ جەنابی وەزیر کۆبوینەوە، لەسەر ئەو بابەتە قسەمان لەگەڵیان کرد کە ئایا چی بکەن بۆ ئەو قوتابیانەی کە هیچ شت فێر نەبوونە. چۆن دەکرێت قوتابی بچێتە قۆناغی تر بێ ئەوەی هیچ شت فێر ببێت، ئەوان باسی ئەو پلانەیان کرد کە قەرەبوو دەکرێنەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین