قایمقامی هەولێر: هەزاران تەنکەر ئاوم نەدیوە کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

نەبەز عبدولحەمید قایمقامی هەولێر، لە لێدوانێک بۆ نوچەنێت باس لە هەوڵەكانى حکومەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی لە هەولێر ده‌كات. وێرای ئەوەی دەسخۆشی لە لایەنە خێرخوازییەکان دەکات، لە دابینکردنی ئاو. گومان ده‌كات له‌وه‌ى هەزار تانکەر ئاو له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ بۆ هەولێر دابین کرا بێت، قایمقامی هەولێر دەڵێ، "هەزار تانکەرم نەدیوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ئابی 2021  نەبەز عبدولحەمید قایمقامی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچەنێت  باسى له‌ گرفتى كه‌مئاویى كرد و گوتی "بێگومان چەند بارودۆخێکی سروشتی هاتە بەردەممان لە هەمووی گرنگتر وشکەساڵی بوو، کە ئێستا رووبەڕووی بووینەوە هەروەها دابەزینی رێژەی ئاو لە زۆربەی بیرەکان، وشکبوونی زۆرێک لە بیرەکان، هەروەها كه‌مبوونى ئاوى زێی گەورە کە سەرچاوەی ئاوی هەولێر دابین دەکات بە رێژەی ٪٦٠ لە ئاوی ئیفرازەوە کە بەکار دەهێندرێت، ئەویش بۆ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك راگیرا. بەهۆی ئەو قوڕ و لیتەیەی کە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەهات. وایکرد زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر تووشی گرفتی بێ ئاو بن، بەڵام سەرۆکایەتی حکومەت هەوڵێکی جددی دا لەگەڵ پارێزگا و فەرمانگە تایبەتمەندەکان دا".

كێشه‌ى كه‌مئاویى له‌ چه‌ند شوێنێكى كه‌م ماوه‌ 
 

سه‌باره‌ت به‌  دابینكردنى ئاو له‌لایه‌ن رێكخراو و كه‌سایه‌تى خێرخوازى و لایه‌نه‌كانه‌وه‌ قایقمقامى هه‌ولێر گوتى، "دابینکردنی ئاو بە تانکەر بە هاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی و چەند کەسایەتییەک و چەند دەزگایەکی خێرخوازی لە شاری هەولێر، کە ئەوان دەورێکی باڵایان هەبووە، ئێمە بەڵێنمان بە هاووڵاتیانی خۆمانداوە کە نابێت یەک ماڵ بێ ئاو بێت ئێمە رۆژانە هەر چەندە رۆژی هەینی پشوو بوو بە سەرپەرشتی پارێزگار هەڵمەتێکی ئاو لە رێگەی تانکەرەوە بۆ ماڵان دابین کراوە، لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە کێشەیان هەیە، ئەمڕۆش بەردەوام بووە، چەند گەڕەکێکمان کردووە و بە تانکەر ئاومان بۆ دابین کردوون، تاکو کێشەکەیان بە تەواوی چارەسەر ئەکرێت، ئێستا کێشە لە چەند شوێنێکی کەم ماوە".

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى نەبەز عبدولحەمید قایمقامی هەولێر گوتی، "بەو شێوە نییە كه‌ ده‌گوترێ هه‌زار ته‌نكه‌ر ئاو دابین كراوه‌، هەزاران تانکەر لە توانای  هیچ حزبێک و هیچ کەسێکدا نییە کە دابینی بکات، ئەوە ئەرکی حکومەتە ئێمە دەستخۆشی لە هەموو لایەنێک دەکەین کەوا لە هاوکاری خەڵکیدا بێت بەڵام دوور لە موزایەدەی سیاسی، لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەشدا بێت، چونکە دەبێت سەرچاوەی ئاوەکە بزانرێت، چۆنیەتی دابینکردنی ئاو دەبێت بزانرێت، من هەزار تەنکەرم نەدیوە کە هیچ لایەنێک یاخود کەسێک دابینی بکات".

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى قایمقامى هه‌ولێر دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌واوبوونى پڕۆژه‌ى ئیفراز چوار، بۆ 20 ساڵى تر كێشه‌ى ئاو له‌ هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید گوتى، "بە زووترین کات دەست بە پڕۆژەی ئیفراز چوار دەکرێت بە رێژەی 100% بۆ ماوەی 20 ساڵی تر کێشەی کەمئاویی نابێت".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین