نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ عەبدولمونعم ئەلعەودات کۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ عەبدولمونعم ئەلعەودات سەرۆکى پەرلەمانى شانشینى ئوردنیى هاشمى و شاندێکى یاوەرى کۆبووەوە، کە تێیدا "خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە هەموو بوارەکانى پەیوەندیى لەگەڵ ئوردن نیشان دا."

ئەمڕۆ یەکشەممە (5)ى ئەیلوولى (2021)، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى پەرلەمانى ئوردن کۆبوونەوە، بەپێى راگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێم، "شاندى ئوردنى بەردەوامیى پشتگیریى شا عەبدوڵڵا و شانشینى ئوردنیى هاشمییان بۆ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ڕێز و پێزانینیان بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشكاندنى داعش دووپات کردەوە."

لە ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم ئاماژە بەوەشدەکات، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵاى دووەم و ئوردن چ لە سەردەمە سەختەکانى ڕابردوو و چ ئێستا لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە."

لە کۆبوونەوەکەى نێوان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى پەرلەمانى ئوردن، هەردوولا "دۆخى سیاسى و ئەمنیى عیراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشى، هەڵبژردانەکانى داهاتووى عیراق، مەترسییەکانى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، دەرفەتى کار و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان"، تاوتوێکرد.

جێگەى ئاماژە پێدانە، سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردسان و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى کاروبارى پەرلەمان و باڵیۆزى ئوردن لە عیراق ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین