نێچیرڤان بارزانى: سوپاسى یه‌كێتى ئه‌وروپا ده‌كه‌ین کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنفرانسێكى هاوبه‌شى رۆژنامه‌وانى له‌گه‌ڵ جۆزێپ بۆرێل به‌رپرسى ساسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا گوتى، "سوپاسى وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ى پێشكه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى كردووه‌" بۆرێلیش ستایشى رۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كرد و گوتى ، "مه‌حاڵ به‌ بێ هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ین".

ئه‌مڕۆ جۆزێپ بۆرێل به‌رپرسى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا گه‌یشته‌ هه‌ولێر و یه‌كه‌م دیدارى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بوو. دواى ته‌واوبوونى دیداره‌كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسه‌ ئه‌وروپییه‌كه‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا.

نێچیرڤان بارزانى له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ ناوه‌ڕۆكى گفتوگۆكه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ بۆرێل خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان چه‌ندان بابه‌تیان تاوتوێ كردووه‌، له‌وانه‌ ئاسایش و سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا و كێشه‌كانی نێوانیان، شه‌ڕى داعش، هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق، دۆخى ته‌واوى ناوچه‌كه‌.

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى نێچیرڤان بارزانى گوتى، "سوپاسى وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا ده‌كه‌ین و له‌ پێشكه‌شكردنى هاوكارییه‌كانیان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان".

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ هاتنى جوزێپ بۆرێل بۆ هه‌ولێر و عێراق نیشانه‌ى پابه‌ندبوونى یه‌كێتى ئه‌وروپایه‌ له‌ پشتگیرى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و وتیشى، "هانى یه‌كێتى ئه‌وروپا ده‌ده‌ین بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ سه‌ر ئه‌و پشتگیرییه‌".

دواتر جۆرێپ بۆرێل سوپاسى نێچیرڤان بارزانى كرد و ستایشى رۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كرد له‌ چه‌ندان بوارى جیاواز، گوتیشى، "هه‌وڵ ده‌ده‌ین دۆستى هه‌میشه‌یى هه‌رێمى كوردستان بین" له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى گوتى، "مه‌حاڵه‌ بێ هه‌رێم كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ین و بۆیه‌ من خۆشحاڵم كه‌ له‌ هه‌ولێر كۆتایى به‌ گه‌شته‌كه‌م ده‌هێنم" بۆرێل گوتیشى ، "هه‌رێمى كوردستان رۆڵێكى گرنگى هه‌یه‌ بۆ سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین