بۆریس جۆنسۆن بۆ نێچیرڤان بارزانى: سوپاس بۆ ئەو ڕۆڵەى لەچارەسەرکردنى کێشەکان و سەقامگیرى دەیگێڕیت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا، ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى لووتکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا بڵاوکردەوە و دەڵێت، " سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا خۆشحاڵیى خۆى به‌ پێشوازى له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاسى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ له‌نده‌ن كرد."

ئەمڕۆ ئێوارەى (17)ى ئەیلوولى (2021)، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەلایەن بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا، له‌ تێن داونینگ ستریت، پێشوازى لێكرا، تیێدا سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا ڕایگەیاند، " دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ریتانیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عیراق ده‌ڕوانێت و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى سى ساڵ پێشتر به‌ دامه‌زراندنى ناوچه‌ى نه‌فڕین له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌ریتانیادا دروست بوون، ده‌مێننه‌وه‌ و داكۆكى له‌ به‌رده‌وامیى پابه‌ندیى به‌ریتانیا به‌ پشتگیرى و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان كرد‌."

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، بۆریس جۆنسۆن پەیوەندییەکانى کورد و بەریتانیا بە مێژوویی ناوبرد و  گووتیشى، "ده‌بێ پته‌وتر بكرێن به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت له‌باره‌ و خوازیارن ئاڵوگۆڕ و سه‌ر‌دانى شانده‌كانى هه‌ردوولا زیاتر بكه‌ن، هه‌روه‌ها خواستى خۆى بۆ سه‌ردانیكردنه‌وه‌ى هه‌ولێر نیشان."

ڕاشیگەیاند بیره‌وه‌ریى خۆشى لە سه‌ردانه‌کەى بۆ هەولێر هه‌یه‌ و سوپاسى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ عیراق و له‌پێناو سه‌قامگیریدا ده‌یگێڕێت."

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى، "سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى له‌نده‌ن و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران بۆریس جۆنسۆن به‌ دڵنیاكه‌ره‌وه‌ و گرنگ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌‌ندییه‌كان له‌ قه‌ڵه‌م دا به‌تایبه‌تى دواى ئه‌و پێشهاتانه‌ى له‌ ناوچه‌كه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌."

نێچیرڤان بارزانى، "سوپاسى سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تى به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانانى كرد بۆ پشتگیریى سیاسى و سه‌ربازى و مرۆیییان له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى بره‌ودانى به‌ هه‌موو بواره‌كانى هاریكارى له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ئابوورى و وه‌به‌رهێناندا كه‌ ده‌رفه‌تى له‌بار هه‌یه‌."

لەسەر په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوان هەردوولا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى "به‌ به‌رده‌وامیى گفتوگۆ و بوونى كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عیراق كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان خوازیار و ئاماده‌یه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات."

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوەکەیدا، روونیشیکردۆتەوە لە کۆبوونەوەکەدا، "دۆخى په‌تاى كۆڤید_19، شه‌ڕى تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ئه‌فغانستان و لێكه‌وته‌كانى"، تاوتوێ کران.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین