د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: پاره‌ى بردراوى عێراق دۆسیه‌یه‌كى ئاڵۆزه‌ دیمانە

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ كۆنگره‌ى گێڕانه‌وه‌ى پاره‌ى بردراوى عێراق به‌شدار بووه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كى نوچه‌نێت باس له‌و دۆسیه‌ ئاڵۆزه‌ و چه‌ندان پرسى ترى تایبه‌ت به‌ چاكسازى ده‌كات.

وەک دەزانرێت بەڕێزتان لە کۆنگرەی گێڕانەوەی پارەى بە قاچاغبردراو كه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو بەشدار بوون، ئایا ئەو بەشداربوونە پڕۆتۆکۆڵی بوو یاخود دەستەی ده‌ستپاكى کوردستان لەم دۆسیەدا هاوکاری بەغدا دەبێت؟
بەشدارییکردنمان بەشێوەیەکی فەرمییە، بە تایبەت لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراقییەوه‌ و وەزارەتی داد کە بە هاوبەشی ئەو چالاکیەیان رێکخستبوو. داوایەکی فەرمی بوو بۆ  سەرۆکی دەستپاکی هەرێـمی کوردستان هات، ئێمە پەیوەندییەکی دامەزراوەیی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی عێراق هەیە.
پێش ئەوەی پرسیار لەبارەی كێشه‌كه‌ى عێراق بکەم، ئایا لە دەستەی ده‌ستپاكى کوردستان، دۆسیەی وا هەیە؟ چونکە پێشتر باس لەوە دەکرا کە چەندەها ملیار بردراوەتە دەرەوە؟
بابەتی بردنەدەرەوەی پارە بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە لە قۆناغی چەندین ساڵی رابردووه‌ هه‌بووه‌، بەشێکی زۆری ئەو پارانە بە نهێنی بردراونەتە دەرەوە، وەک دەزانرێت بەشێکی زۆری لەئاکامی  تاوانەکانی گەندەڵیەوە  به‌ دەست هاتوون، هەندێکی تریان لە لایەن ئەو بەرپرسە باڵایانە کراون کە لە لایەن خۆیانه‌وه‌ خاوەن بڕیار بوون واتا چووه‌تە خانەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
بەڵام بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانە کە ئەو کۆنگرەیە کراوە عێراق کاتی خۆشی هەوڵیداوە کە ئێستا دەستەی دەستپاکی عێراق فەرمانگەیەکیان هەیە، بەناوی فەرمانگەی گێڕانەوەی موڵک وماڵ، کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورە هەن، یەکەمیان زانینی شوێنی ئەو پارانە ئێستا بەهۆی بابەتی نهێنی ژمێریاری بانکەکانی دەرەوە، بابەتێک هەیە کەس ناتوانێت حسابی کەس بزانێت. تۆ دەبێت فەرمانێکی دادگات هەبێت ئینجا ئەو وڵاتانە هاوکارت دەبن، دووەم دەبێت ئەو وڵاتانە هاوکار بن لەو پرۆسەیە، سێیەمیش بۆ گێڕاِنەوەی هەر بڕە پارەیەک دەبێت پێشوەخت حوکمێکی دادگات هەبێت کە بڕیاری کۆتایی وەرگرتبێت کە کەسێکی دیاریکراو پاره‌ى بردووه‌ته‌ دەرەوە. جا ئەو ئاستەنگانەن کە تا ئێستا دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی دەرەوە و بانکی ناوه‌ندیش ئیشی لەسەر دەکەن. بۆیە زانینی بڕی راستەقینەی  پارەکە زۆر سەختە یەکێک دەڵێ 300 ملیارە، یەکێک دەڵێت 200 ملیارە و یەکێکی تر دەڵیت 150 ملیارە، چونکە پرۆسەکە بە نهێنییە بە نهێنی ئەنجامدراوە بۆیە رەنگە لەکۆتایشدا نەزانرێت بڕه‌ راستەکە چەندە، بەڵام بە دڵنیاییەوە عێراق بەدواداچوونی بۆ ئەو پارەیە کردووە دەزانرێت لە چ وڵاتێکن، بەڵام ئەوە بڕە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بێگومان بڕیکی زۆره‌.

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ عێراق له‌ به‌رژوه‌ندى هه‌رێمى كوردستانه‌


جۆرەکانی ئەو پارەیە چین مەبەستم ئەوەیە ئەوه‌ى رژێمى به‌عس چۆن لەگەڵ ئەوانە جیا دەکرێتەوە کە دوای2003 بردراوەتە دەرەوە؟
خۆی دوو قۆناغ هەیە، قۆناغێکیان کاتی سەدامە، لە کاتی سەدامدا بێگومان پارەبردراوە، دەزگای هەواڵگری عێراق بودجەی زۆری لەبەر دەست بووە کاری جۆراوجۆریان بەو پارەیه‌ کردووە، ئێستا حکومەتی عێراق نزیکەی چەند داتایەکی لەبەردەستدایە. هەر چەندە ئێمە داتاکانمان داواکرد لە کۆنگرەکەش باسکرا هەندێ داتا هەیە هەندێکیان موڵکە، هەندێکیان پارەیە لە بانکەکاندا، بەڵام لە دوای 2003 دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە بڕێکی زۆرتر پارە رۆیشتۆتە دەرەوە، بەڵام زانینی بڕی راستەکەی زۆر سەختە، بەڵام هەموو دڵنیان کە پارەیەکی زۆری عێراق چۆتە دەرەوە، بۆیە ئەو بابەتە تاکو وەرنگیرێتەوە تاکو ئەو وڵاتانەی ئەو پارەیان بۆ چووە هاوکار نەبن لە پرۆسەکە ناتوانرێ بڕى راستەقینەكه‌ى بزانرێ، بەڵام پارەیەکی زۆرە و بە دەیان ملیار دۆلار زیاتره‌.

بەپێی ئەزموونی خۆت لەبواری چاکسازی و دەستپاکی ئایا پڕۆسەی گێڕانەوەی پارەی بردراو بە ئاسان دەزانی؟
 

ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەکی قوڕسە، یەکەم رێككەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانمان هەیە بۆ دژایەتی گەندەڵی کە عێراقیش تێیدا ئەندامە لە 2007 وە میکانیزمێکی داناوە بۆ گێڕانەوەی پارە، دووەم وەرگرتنی زانیاری لەسەر بڕی ئەو پارانە ئەوە یەکێکە لە کێشەکان، سێیەم خودی پرۆسەی بە دواداچوون و زانینی ئەو وڵاتەی کە بۆی چووە، پێویستی بە هاوکاری ئەو وڵاتانەیە پارەکانیان بۆ چووە، ئەویتریان بوونی حکومی دادگەرییە لە ناوچەکە لەسەر ئەو بڕە پارانە کە ئەوەش خاڵێکی گرنگە، لە هەموویشی گرنگتر ئەو دەوڵەتانەن کە پارەکەیان بۆ چووە هاوکار بن، چونکە ئەو وڵاتانە هەموو سوودمەندن لەو پارانە ئەو پارەیە کە دەچێتە ناو ئابووری هەر وڵاتێک بێگومان وەبەرهێنانى پێده‌كرێت، لەبەر ئەوە بەشێک لەو وڵاتانە لە راستیدا لەسەر ئەوە دەژین کە ژینگەیەکی ئارام دروست دەکەن بۆ ئەو پارانە، ئەوان پەیوەندنیان نییە بەوەی بە یاسایی دێت یاخود بە نایاسایی. ئەوانە هەموو ئەو ئاستەنگانەن کە باسکرا.  بۆیە یەکێک لە پێشنیارەکانی ئەو رۆژە کرا ئەوەیە کە دەدرێتە كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى بۆ ئه‌وه‌ى لەنێوان خۆیاندا رێککەوتنێکی تازە، پڕۆتۆکۆڵێکی تازە مۆر بکەن. تۆزێ لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن، هاوکار بن دیارە ئێستا پڕۆژەکە دراوەتە كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى ئینجا ئەگەر وڵاتە عەرەبیەکان لەنێوان خۆیان رێكکەوتن، دەتوانن هەمان پێشنیار بدەنە یەکێتی ئەوروپا.

 

ره‌نگه‌ تا كۆتاییش نه‌زانین چه‌نده‌ پاره‌ى عێراق
بردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ 
 


ئایا له‌ كۆنگره‌كه‌ ناوى ئه‌و وڵاتانه‌ نه‌هات كه‌ پاره‌كه‌یان لایه‌؟
باس نەکرا چونکە لە رووی پڕۆتۆکۆڵییەوە زۆر گرنگ نییە باسی وڵاتەکان بکەن، وڵاتانی دراوسێیە کە پارەی عێراقی بۆ چووە، وڵاتانی دوورترە کە پارەی بۆ چووە، دواتریش من نەمپرسی لە کۆبوونەوەی دووقۆڵی بەڵام دواتر ئەوان خۆیان زانیارییان هەیە کە بڕێک پارە لە لوبنانە بڕێکی تر لە ئوردونە بڕێکی تری لە وڵاتانی تری عەرەبییە، بەڵام وەکو ناو ناوی کەس نەهاتووە، ئەوە بۆ میکانیزمی وەزارەتەکان و وەزارەتی ده‌ره‌وه‌ دەگەڕێتەوە کە چاودێری ئەو وڵاتانە بکەن کە پارەیان بۆ چووه‌.
هاوئاهه‌نگى هه‌رێمى كوردستان ئێوە لەگەڵ دەستەی ده‌ستپاكى عێراقی چۆنە ئەمە بابەتێکە زۆر کەم باس دەکرێت؟
ئێمە هاوکاری و پەیوەندییەکی باشمان هەیە، ئەمساڵ دووجار سەردانی دەستەی دەستپاکی عێراقم کردووە، کۆبوونەوەی تایبەتمان کردووە، دوو جاریش سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و پێکەوە دانیشتووین، ئێستا بیرۆکەی ئەوەمان هەیە یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتن واژوو بکەین، ئێستا خەریکی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسەکەین بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندییەکانمان بگەنە ئاستێک نووسراوبن، لەنێوان دوو دامەزراوە بن، واتا بەگۆڕانی کەسەکان گۆڕانی بەسەردا نایەت بەڵکو هاوکاری یەکتر بین، چونکە هەر بەرەو پێشچوونێک لەو پڕۆسەیە پڕۆسەی دژایەتی گەندەڵی لە عێراق لە قازانجی هەرێمی کوردستانە و پێچەوانەکەشی راستە.

له‌ برى پێكهێنانى لیژنه‌ بۆ چاكسازى
باشتره‌ دامه‌زراوه‌كان به‌هێز بكرێن


ئایا قەت ڕێککەوتووە  یاساو بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە بواری چاکسازی کۆسپ بۆ یەک دروست بکەن؟
وەکو چاکسازی نەخێر، من ئێستا لە هەرێمی کوردستانم پڕۆسەیەکی چاکسازی هەیە بە تایبەت لەم کابینە تازە دەستی داوەتە جێبەجێکردن پێشووتریش لە کابینەکانی رابردوو هەندێک هەنگاوی چاکسازی نراوه‌. لە عێراق تا ئێستا پڕۆژەیەکی وا گشتگیر نییە راستە سەرۆک وەزیرانی ئێستا لیژنەیەکی دروست کردووە بۆ دژایەتی گەندەڵی و هەندێ فایلیان کردووه‌تەوە، بەڵام وەکو  پڕۆسەیەکی چاکسازی کە بڵێین سێکتەر بە سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری هەوڵ بدەن جارێکی تر بنیادی بنێنەوە، وا بزانم ئێستا ئەوانیش ئه‌و كاره‌یان نه‌كردووه‌. پڕۆسەی بایۆمەترییان دەستپێکردووە، تا ئێستا نییە، بەڵام رەنگە لە بەرەو پێشچوونی پڕۆسەکە رەنگە پێویستی بە گۆڕینی یاسا هەبێت، پێویستی بە گۆڕینی هەندێ ڕێنمایی دەبێت، ئەوە شتێکی پێشبینی کراوە، بەڵام ئەگەر بەربەستێکی جددی هەبێت بە ناوی یاسا تا ئێستا نەمبیستووە، نەهاتۆتە پێشمان، بەڵام بێگومان لە پڕۆسەی چاکسازی یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەیە یاسایەکان تازە بکرێنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەردەمدا بگونجێن بەشێک لە پەیڕەوەکان کە لە ئەنجومەنی وەزیران دەردەچێت، هەندێک لەڕێنماییەکان لە وەزارەتەکان دەردەچێت، لەگەڵ گۆڕانگاری ژیان بەرەو پێش دەچێت ئەوانەش بەرەو پێش دەچێت.
دوای دەستبەکاربوونی کازمی لیژنەیەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی داناوە، کە بەرپرسێکی هەواڵگری بە ناوی ئەحمەد ئەبورەغیف سەرۆکایەتی دەکات، کاری ئەم لیژنە بەلای تۆ چۆنە؟ مەبەستم ئەوەیە بزانم چۆن هەوڵەکانی کازمی بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی هەڵدەسەنگێنی؟
ئەم بەڕیزە پێشنیار کرا لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دوای ئەو خۆپیشاندانانەی لە عێراق فشارێکی جەماوەری زۆر هەبوو، یەکێک له‌ داخوازییەکانی خەڵکی سەرشەقام داوای چاکسازیی و دژایەتی گەندەڵی بوو، ئەوان لیژنەیەکیان دروست کرد لیژنەکە حکومی بوو،  دیارە بە ئەندامییەتی دەستەی ده‌ستپاكى عێراقه‌، کۆمەڵێ دادوەری لە ئەنجومەنی دادوەری پێکهێنا. لە رووی دامەزراوەییەوە کاتێک کە تۆ  دەستەی دەستپاکی و دامەزراوە هەبێت رەنگە دروستکردنی ئەو لیژنانە زۆر شێوازێکی یاسایی دیاری نەبێ، بەڵام گرنگ کراوە  و ده‌ستپاكیش هاوکاری کرد. تا ئێستا کۆمەڵێک کەیسیان هەڵداوەتەوە و دراوەتە دادگاکان، بەڵام خۆی لیژنە سیفەتێکی کاتی هەیە واتا ئەو لیژنانە بۆ قۆناغێکی کاتی دەبن. راستییەکەی ئەوەیە تۆ لەڕێگەی دامەزراوەکان دامەزراوەکانی خۆت بەهێز بکەیت، لەبەر ئەوە وەکو ئەنجام ئەنجامی هەبووە بەڵام لەبەر ئەوەی پرسی گەندەڵی لە عێراق ریشەى داکوتاوە قووڵترە لەوەی کە بە لیژنەیەک چارەسەربکرێت، پێموایە ئەو هەنگاوانەش دراون سەرکەوتنە بۆ دژایەتی پرۆسەی گەندەڵی بەڵام، لیژنەش کاتییە ئێستاش وردە وردە من پێموایە ئەو پڕۆسەیە لەئه‌نجامدا رادەستی دامەزراوەی فەرمی بکرێت. بەتایبەتی ئەوا دەستەی ده‌ستپاكییان هەیە دیوانی  چاودێری داراییان هەیە زۆرجار بوونی هێزی سەرۆک وەزیران لە هەموو وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا خاڵێکی گرنگە، بۆ نموونە سەرۆک وەزیران بە هەموو قوڕسایی خۆی بێتە ناو پرۆسەی دژایەتی  گەندەڵی و هاوکاری بکات. بەڵام ئەوەیە میکانیزمیەکە میکانیزمێکی کاتییە لەبەر ئەوە لەجێگای ئەو  بەرای من دامەزراوەی فەرمی بە تایبەتی ده‌ستپاكى بەهێز بکەن، دەکرێت سەرۆک وەزیرانیش ئەوکاتە باشتر هاوکار بێت، لەبەر ئەوە تا ئێستا لیژنەکە کارەکانی تەواو نەبووە، رەنگە ئەستەم بێت تۆ کارەکانی لیژنەکە هەڵبسەنگێنی بەڵێ کار کراوە .
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین