جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا: پەیوەندیى ئەمەریکا و هەرێمى کوردستان ستراتیژیى درێژخایەنە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ کاروبارى عیراق و ئیران کۆبووەوە، کە تێیدا پرسى پەیوەندییەکانى ئەمەریکا و عێراق و هەرێمى کوردستان، چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە تاوتوێکران.

ئەمڕۆ ئێوارەى پێنجشەممە (30)ى ئەیلوولى (2021)، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە جینیفەر گاڤیتۆ، جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ کاروبارى عیراق و ئیران و شاندێکى یاوەرى کرد.

جینیفەر گاڤیتۆ، هەروەک لە ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دا هاتووە، "دووپاتى کردەوە کە ئەمەریکا بە بایەخەوە لە عیراق دەڕوانێت و پەیوەندیى ئەمەریکا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان پەیوەندیى دۆستانە و هاوبەشییەکى ستراتیژیى درێژخایەنە."

لە کۆبوونەوەکەدا، جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا، پشتگیرى بەردەوامى وڵاتەکەى لە چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەگە و ڕێکخستنەوەى هێزەکانى دووپات کردەوە و ڕاشیگەیاند، "ئەمەریکا لە بوارەکانى ئاسایش، وزە، ئابوورى، کولتوورى پەروەردەییشدا دەتوانێت هاوکار و هاوبەشى هەرێمى کوردستان بێت."

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێم، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لە کۆبوونەوەکەدا، "سوپاسى بەردەوامیى پشتگیریى ئەمەریکاى لە هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لە خواستى هەرێمى کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمەریکا و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکاریى نیوانیان کردەوە." 

دەشڵێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە "دەرفەتى زیاترى کار و سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنانى ئەمەریکى لە عیراق و هەرێمى کوردستان"، كردەوە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى عێراق،  سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، گووتى: "هیوادارم هەڵبژاردن دەرفەتێکى دیکە بداتە هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بۆ پێکەوە کارکردن و جێبەجێکردنى دەستوور و سیستمى فیدراڵى."

ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان روونیشیکردۆتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بابەتى "دیالۆگى ستراتیژیى عیراق و ئەمەریکا، دوایین پێشهاتە سیاسى و ئەمنییەکانى عیراق، ئاڵنگارییەکانى بەردەم وڵات، مەترسییەکانى تیرۆر، هەڕەشە و کردارەکانى داعش لە عیراق و ناوچەکە، ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە عیراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا"، تاوتوێکرا.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین