ئامینه‌ زكری: به‌غداد ته‌سلیم به‌ خه‌ڵکانێکی لاواز ناکه‌ین کوردستانی

نوچه‌نێت: میدیاكان

ئەندامێکی لێژنەی باڵای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگه‌یاند، ئه‌وان به‌غداد ته‌سلیم به‌ خه‌ڵکانێکی لاواز ناکه‌ن، تا شتێکیش به‌ ناوی کێشه‌ی هه‌رێم و به‌غداد هه‌بێت، ده‌بێت پارتی ده‌مڕاست و خاوه‌ن قه‌زییه‌ بێت.

ئامینه‌ زکری ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارتی، له‌ پۆستێکدا که‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕێکه‌وتی (1/تشیرینی یه‌که‌م/2021) له ئه‌کاونتی تایبه‌تی خۆی، له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، به‌ پێچه‌وانه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی تره‌وه‌، پارتی ویستیوویه‌تی بانگه‌شه‌یه‌کی ئارام به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و تا ئێستایش ده‌ستییان به‌ په‌لامار و هێرش بۆ سه‌ر هیچ لایه‌نێک نه‌کردووه‌، ده‌شڵێت:"ئەوانەی پەلامارمان دەدەن زاکیرەیان باش نییە، دوێنێی خۆیان بیر نەماوە، حسابی بەیانیش ناکەن، ئەمەیە جیاوازی پارتی کە هەمیشە دووربین و ئارامە".

ئامینه‌ له‌ باره‌ی چاوه‌ڕوانییه‌کانی پارتی بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ڵێت:"ئێمە لەم هەڵبژاردنە لە بابەتێک پشتڕاستین، نەک هێزو سەنگمان دەپارێزین، بەڵکو ژمارەی کورسیمان زیاد دەکات و بەهێزەوە دەچینە بەغداد و هەتا کۆتایی شەڕی مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان دەکەین".

ئامینه‌ هه‌ڵوێستی پارتی له‌ باره‌ی دۆخی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان خسته‌ڕوو، به‌جۆرێك كه‌ پارتی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی پرسه‌كان ده‌بێت، چونكه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت:"ئێمە بەغدا تەسلیمی خەڵکانێکی لاواز ناکەین، هەتا شتێک بەناوی کێشەکانی هەرێم و بەغدا هەبێت، دەبێت پارتی دەمڕاست و خاوەن قەزییە بێت، هەروەھا ئەگەر لایەنەکی دیکەش خەمی میللەت و گەل بخاتە پێش هەندێک بابەتی دیکە، ئەوا لە پارتی نزیکە و هاوفکری ئێمەیە".

بڕیاره‌ ڕۆژی (10/تشرینی یه‌که‌م/2021) هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌رێوه‌ بچێت، که‌ له‌ ژێر فشاری شه‌قامی عێراقیدا، لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ناچاربوون، به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕازی ببن.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین