گۆڕان: ئاماده‌نه‌بونی مام جەلال كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر روداوه‌ سیاسیه‌كانی‌‌ عێراق و ھه‌رێمى كوردستان دروستكرد‌ کوردستانی

نوچەنێت:

بزووتنەوەى گۆڕان، لە ساڵیادى کۆچى دواییکردنى مام جەلال تاڵەبانى، ڕاگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "‌ئاماده‌نه‌بونی ئه‌م سه‌ركرده‌ گه‌وره‌یه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی زۆری له‌سه‌ر روداوه‌ سیاسیه‌كانی‌‌ عێراق و ھه‌رێم كوردستان"، دروستكردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (3)ى تشرینى یەکەمى (2021)، چوار ساڵ بەسەر کۆچى دواییکردنى مام جەلال، سەرۆک کۆمارى پێشووى عێراق تێدەپەڕێ، بزووتنەوەى گۆڕان لە ڕاگەیێندراوەکەیدا کەسایەتیى جەلال تاڵەبانى بە فرە رەهەند و تێکەڵەێک لە ئەزموونى خەبات و شارەزایی ناودەبات و دەشڵێت، " بنه‌ما فیكرییه‌كانی كردبووه‌ ئامرازی‌ شۆڕش و خۆڕاگری نه‌ته‌وه‌یی."

 

دەقى راگه‌یێندراوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ چواره‌م ساڵیادی كۆچی دوایی مام جه‌لال:

چوار ساڵ به‌سه‌ر كۆچی‌ دوایی مام جه‌لال، سه‌رۆك كۆماری‌ پێشوتری‌ عێراق و سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان تێده‌په‌ڕێت، ‌ئاماده‌نه‌بونی ئه‌م سه‌ركرده‌ گه‌وره‌یه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی زۆری له‌سه‌ر روداوه‌ سیاسیه‌كانی‌‌ عێراق و ھه‌رێم كوردستان دروستكرد‌.

كه‌سێتیی‌ مام جه‌لال‌ فره‌ ڕه‌هه‌ند و تێكه‌ڵه‌یه‌ك بو‌ له‌ ئه‌زمونی‌ خه‌بات و شاره‌زایی‌ و قوڵبونه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و هه‌رێمایه‌تییه‌كان، كه‌‌ بنه‌ما فیكرییه‌كانی كردبووه‌ ئامرازی‌ شۆڕش و خۆڕاگری نه‌ته‌وه‌یی. 

مام جه‌لال‌ له‌ هونه‌ری‌ گفتوگۆ و دانوستان، له‌ بڕواهێنان به‌ دۆست و دوژمن په‌یوه‌ندیدا‌ر‌ دۆزی ره‌وای گه‌لی‌ كورد رۆڵی دیار و به‌رچاوی ھه‌بوه‌، دیپلۆماسیه‌ت و گفتوگۆی‌ ‌ئاشتیانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رگری‌ و شۆڕش ئاوێته‌ كردبو.

له‌م یاده‌ ماته‌مه‌دا، بیره‌وه‌ری و خه‌باتی نه‌پساوه‌ی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان ‌به‌بیرده‌ھێنینه‌وه‌، كه‌ له‌‌ زۆر وێستگه‌ی‌ دژواردا ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كتر بون بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ قه‌یرانه‌ ئاڵۆزه‌كان و مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان. مه‌خابن مه‌رگ رێگه‌ی‌ پێ نه‌دان پڕۆژه‌ی‌ یه‌كخستنی‌ گوتاری كوردی له‌به‌غدا و چاكسازی‌ گشتگیر له‌ ھه‌رێم‌ بگه‌یه‌ننه‌ دوا وێستگه‌ی‌ كۆتایی. 

ئێستا (ھاوپه‌یمانی كوردستان) ‌كه‌ به‌رھه‌می رێككه‌وتنی سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی‌ نیشتمانی كوردستانه‌ بۆ ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق؛ ھه‌نگاوێكی كرداریی پێویسته‌ بۆ ھێنانه‌دی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن بۆ به‌ھێزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌ به‌غدا، ھه‌ربۆیه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ھاوپه‌یمانێتیه‌ و كاندیده‌كانی به‌رپرسیارێتی ھاوبه‌شی ھه‌ردولا و  ئه‌ركێكه‌ بۆ ئاسوده‌كردنی رۆحی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین