پارتى بۆ پەکەکە: پێشێلکارییەکانتان بەرامبەر ئەندامانمان چیتر قابیلی قبووڵ نییە کوردستانی

نوچەنێت:

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیێندراوى توند لەدژى رێگریی پەکەکە لە کاندیدانى پارتى لە شەنگال بڵاودەکاتەوە و هەروەک تێیدا هاتووە، "ئەو هێزە چەكدارە ماوەیەكی دوورودرێژە لەو ناوچەیەدا بە شێوەیەكی نایاسایی خۆی سەپاندووە و ڕێگر بووە لە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچەكەیان."

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە دووى تشرینى یەکەمى (2021)، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دژى رێگرى پەکەکە لە کاندیدانى پارتى لە شەنگال ناڕەزایەتیى دەردەبڕێ و دەشڵێت، "جێگەی داخێكی زۆرە هێزێكی ناشەرعی و ناعێراقی بتوانێ بە ئاسانی ڕێگری لە ئاساییبوونەوەی ژیانی دەڤەری شنگال بكات و لە هەمانكاتیشدا ڕێگر بێت لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئازادی را دەربڕین كە گرنگترین مافی دەستووری و دیموكراتی پێكهاتەكانی عێراقن."

 

دەقی راگەیێندراوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان:

 كاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 2ی ئۆكتۆبەری 2021 لە دەڤەری شنگال لایەنێكی چەكداری ناعێراقی بە زەبری چەك و هەڕەشە ڕێگرییان لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كە بە نیازبوون بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی دەڤەرەكە بكەن.

ئەو هێزە چەكدارە ماوەیەكی دوورودرێژە لەو ناوچەیەدا بە شێوەیەكی نایاسایی خۆی سەپاندووە و ڕێگر بووە لە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچەكەیان. هەروەها بەشێكیش بووە لە نانەوەی پشێوی و بووەتە كۆسپ لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.

جێگەی داخێكی زۆرە هێزێكی ناشەرعی و ناعێراقی بتوانێ بە ئاسانی ڕێگری لە ئاساییبوونەوەی ژیانی دەڤەری شنگال بكات و لە هەمانكاتیشدا ڕێگر بێت لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئازادی را دەربڕین كە گرنگترین مافی دەستووری و دیموكراتی پێكهاتەكانی عێراقن. بەگوێرەی ماددەی 38 دەستووری عێراقی فیدڕاڵ و ماددەی 22ی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، حكوومەتی عێراقی پابەندە بە پارێزگاریكردن لە كاندیدەكان و كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن. كەمتەرخەمیی حكوومەتی فیدڕاڵ و سیستەمی ئەمنی نیشتمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەرانبەر ئەو كردەوە ناشەرعی و نابەجێیەیەی چەكدارانی پەكەكە جێگەی سەرسووڕمانە.

هەر لەو سۆنگەیەوە داوا لە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكەین دەستبەجێ ئەم ڕێگریەی چەكدارانی پەكەكە و پێشێلكاریی هاوشێوە لە دەڤەری شنگال و سنووری پارێزگای نەینەوا بوەستێنن و سەرپێچیكاران بە سزای یاسایی خۆیان بگەیێنن و كەشێكی لەبار بۆ پیادەكردنی مافەكانی خەڵك و پڕۆسەی دیموكراتیانەی هەڵبژاردن بڕەخسێنن. بەردەوام بوونی ئەم پێشێلكارییە تاوانە بەرانبەر پڕۆسەكە و مافەكانی خەڵك و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و چیتر قابیلی قبووڵ نییە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین