سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: ئەوەى ئێمە دەمانەوێ تەنها کۆدەنگى هێزە کوردستانییەکانە لە بەغدا کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ لە هەولێر لە دواى بەشداریکردنى لە پرۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند، "هیوادارم هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان پێكه‌وه‌ له‌ به‌غدا كۆده‌نگ بین بۆ داكۆكیكردن له‌سه‌ر مافه‌كانی هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵیدا."

ئەمڕۆ یەکشەممە دەى تشرینى یەکەمى (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا گووتى، "ئه‌مڕۆ‌ ده‌نگمان بۆ به‌ربژێره‌كانی خۆمان بۆ په‌رله‌مانی عیراق دا، هیوادارم هه‌مووان وه‌كو مافێكی یاسایی و دیموكراسی ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێی بكه‌ن و هه‌موومان پێكه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رانسه‌ری عیراق بچینه‌ سه‌ر سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان و ئه‌و مافه‌ی هه‌مانه‌ وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی، جێبه‌جێی بكه‌ین."

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەشکرد، "ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌مانه‌وێت و دوای ته‌واو بوونی هه‌ڵبژاردن هیواى بۆ ده‌خوازم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان پێكه‌وه‌ له‌ به‌غدا كۆده‌نگ بین بۆ داكۆكیكردن له‌سه‌ر مافه‌كانی هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵیدا. هه‌روه‌ها هیوادارین په‌رله‌مان و حكوومه‌تی داهاتووی عیراق زۆر به‌ جددی هه‌وڵ بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌موو عیراقییه‌كان. ئێمه‌ هه‌میشه‌ گوتوومانه‌ و داكۆكى له‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ گه‌لی عیراق شایسته‌ی ژیانێكی باشتره‌ له‌وه‌ی هه‌یه‌."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، پێشتر ڕاگەیاندوو یەکەم کەس دەبێت لە ڕۆژى دەنگدان دەنگى خۆى دەدات، ئەمڕۆش گوتى، " خۆشحاڵم به‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س بووم ده‌نگم دا، خۆشحاڵم و پێموایه‌ ئه‌مه‌ مافێكی یاساییی هه‌ر كه‌سێكه‌ ده‌نگ بدات. په‌یامی ئێمه‌ بۆ هه‌موو گه‌لی عیراق، په‌یامی ئاشتییه‌، په‌یامی برایه‌تییه‌، په‌یامێكه‌ كه‌ هه‌موومان ده‌بێت پێكه‌وه‌‌ هه‌وڵ بده‌ین دۆخی عیراق به‌ره‌و باشتر ببه‌ین، هه‌موومان له‌ یه‌ك پاپۆڕداین و پێویسته‌ هه‌موومان هه‌وڵی جددی بده‌ین كه‌ په‌نا به‌ خوا عیراق سه‌ركه‌وێت."

دەربارەى متمانەى نێوان هاووڵاتییان و دەسەڵات لە دواى هەڵبژاردن، سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەختى لەوەکردەوە، کە ئامانجى ئەوان دروستکردنى متمانەیە، دەشڵێت، "هه‌ر حكوومه‌تێك بێته‌ سه‌ر كار له‌ به‌غدا، ده‌بێت قورسایى بخاته‌ ‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چۆن بتوانێت خزمه‌تگوزارى دابین بكات بۆ هاووڵاتیانی هه‌موو عێراق." 

سەرۆکى هەرێى کوردستان، لەسەر پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و بەغدا، گوتى، "هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی ده‌ستووری له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا هه‌یه‌، کە خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی تا ئێستا ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌ن به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن. پێشتر هه‌رێمی كوردستان ئه‌م سیاسه‌ته‌ی هه‌بووه‌‌. هه‌رێمی كوردستان ده‌زانێت هه‌م ماف و هه‌م ئه‌ركیشی هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی حكوومه‌تی فیدرالیی عیراقدا، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت ئه‌و كێشانه‌ی ماون و ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ن چاره‌سه‌ر بكرێن. ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌، سه‌قامگیریی سیاسیی عیراق زۆر گرنگه‌، پێمان وایه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌ن‌، ده‌توانین بگه‌ینه‌ ئه‌و ئامانجه‌ كه‌ ئامانجێكه‌ هه‌موو گه‌لی عێراق سوودی لێ ده‌بینین."

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەسەر پرسى ڕۆڵى کورد لە دواى هەڵبژاردنەکان لە بەغدا ڕاشیگەیاند، "زۆر گرنگه‌ كورد یه‌كگرتوو بێت و پێگه‌ی له‌ عیراق به‌هێز بێت. كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ عیراقدا ده‌ژیت، بۆیه‌ ڕۆڵی كورد دوای ساڵی 2003 له‌ به‌غدا زۆر گرنگ بووه‌ و ده‌مانه‌وه‌ێ ئه‌م ڕۆڵه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ هه‌رێمی كوردستان بێت، پرسه‌كه‌ ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان نییه‌، ده‌مانه‌وێت ڕۆڵی خۆمان ببینین بۆ باشكردنه‌وه‌ی دۆخی عیراق به‌گشتی نه‌ك ته‌نها هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی ئێمه‌ له‌ به‌غدا ده‌یكه‌ن ته‌نیا بۆ هه‌رێمی كوردستان نابێت، به‌ڵكو هه‌وڵی جددیی خۆمان له‌ هه‌موو لایه‌نێكه‌وه‌ ده‌ده‌ین تا دۆخی هه‌موو عیراق باشتر ببێت، دۆخی گه‌لی عیراق باشتر ببێت و له‌و نه‌هامه‌تییانه‌ى ئێستا تیایدایه‌ په‌نا به‌ خوا ده‌ربچێت. ئه‌وه‌یتر، به‌ڵی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌نجام ده‌درێت و هێشتا ئه‌و ماوه‌یه‌ ماوه‌، به‌ڵام بێگومان هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ یاسادا هه‌یه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش جێبه‌جێی ده‌كرێت."

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین