ئەندامێکى پەرلەمان: کەمى ڕێژەى بەشدارى لە دەنگدان، بێ ئومێدى خەڵکى کوردستانە لە بەغدا کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت:

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان، هۆکارى کەمى رێژەى بەشدارى هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات و  دەگەڕێنێتەوە بۆ بێ ئومێد خەڵکى هەرێمى کوردستان بەرامبەر حکوومەتى عێراق و نەبردنە سەرى بەڵێنى بەشێک لە کاندیدەکان دواى دەرچوونیان بۆ پەرلەمان.

ئەمڕۆ یەکشەممە (10)ى تشرینى یەکەمى (2021)، سەعید هەرکی، پەرلەمانتاری پارتى لە پەرلەمانى کوردستان تایبەت بە نوچەنێتى ڕایگەیاند، "بە شێوەیەکی گشتی هاووڵاتییان لە حکومەتی عێراق بێ ئومێد بوونە، بەو پێیەى لە ساڵانی رابردوو حکوومەتى عێراق و خولەکانی تری پەرلەمانی عێراق هەموو کات بە زۆرینە و کەمینە هەوڵیان داوە مووچەی خەڵكى کوردستان ببرن."

ئەندام پەرلەمانەکەى پارتى دەشڵێت، "پەرلەمانى عێراق کۆمەڵێك یاسایان تێپەراندووە دژى کورد، ئەمەش وایکردووە کە هاووڵاتییان لە پرۆسەى هەڵبژاردنى ئەمجارە ساردی ببنەوە."

لە بەرامبەردا، چالاکوان بەهار عەلى، کە یەکێکە لەوانەى بەشدارى پرۆسەى دەنگدانى پەرلەمانى عێراقى نەکردووە، دەڵێت، "بوونى کێشە لە ئامێرەکانى دەنگدان و نەهاتنەوەى ناوى بەشێک لە هاووڵاتییان، ئەمەیش وادەکات، هاووڵاتییان وەک پێویست پەرۆش نەبن بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان."

لەسەر هۆکارى کەمى بەشداربوونى هاووڵاتییان لە دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامى پەرلەمانى کورد لە بەغدا تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "خۆزگە هاوڵاتیان چووبان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەو کات خۆی دەیتوانى کاندیدى دڵخوازى خۆیان هەڵبژێرن."

ڕێزان شێخ عەلى،  نێگەرانى خەڵک لە لایەنە سیاسییەکان و نەبردنەسەرى ئەو بەڵینانەى لە کاتى بانگەشە دەدەرێت بە هۆکار دەزانێ و وەک خۆشى دەڵێت،  "بەشێک لەو ئەندام پەرلەمانەى هەڵیدەبژێردرێن بۆ پەرلەمان، دواتر نابنە نوێنەرایەتییەکی راستەقینەى خەڵک بکەن،  ناکەن ئەمەش وایکرد هاوڵاتیان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین