سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ بەربژێرە دەرچووەکانى پارتى: خزمەتکارى خەڵک بن کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێکدا ڕایدەگەیێنێت، "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی کادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی و ئەو دەنگدەرە خۆشەویستانە دەکەم کە متمانەیان بە پارتی بەخشی."

ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە (14)ى تشرینى یەکەمى (2021)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، بە بۆنى سەرکەوتنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەڵبژادنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، لە پەیامێکدا سوپاسى سەرۆک مسعود بارزانى و بنەماڵەى شەهیدان و پێشمەرگە و جەماوەرى پارتى دەکات.

هەروەک لە پەیامێکدا هاتووە"ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و پێزانینم بۆ ئێوەی خۆشەویست لە هه‌موو بنکە، ڕێکخراو، ناوچە، لق، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگاکان، ڕێکخراوه‌ جەماوەری و پیشەیییه‌كان، مەکتەب و دەستە ناوەندییه‌کانى پارتیمان بۆ ڕۆڵی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەتان لە ئەنجامدانی بانگەشه‌یه‌كی شارستانییانە و ئارام لەپێناو سەرخستنی هەڵبژاردنەکە و سەرکەوتنی کاندیدانی پارتیدا."

 

دەقى پەیامى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: 

ئەندامان و جەماوەر و دەنگدەرانی دڵسۆزی پارتی دیموکراتی کوردستان

‎بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتیمانه‌وه‌ له‌ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پیرۆزبایییەکی گەرم لە کەسوکاری سه‌ربه‌رزى شەهیدانى قاره‌مان و جەنابی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەم. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی کادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی و ئەو دەنگدەرە خۆشەویستانە دەکەم کە متمانەیان بە پارتی بەخشی.

ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و پێزانینم بۆ ئێوەی خۆشەویست لە هه‌موو بنکە، ڕێکخراو، ناوچە، لق، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگاکان، ڕێکخراوه‌ جەماوەری و پیشەیییه‌كان، مەکتەب و دەستە ناوەندییه‌کانى پارتیمان بۆ ڕۆڵی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەتان لە ئەنجامدانی بانگەشه‌یه‌كی شارستانییانە و ئارام لەپێناو سەرخستنی هەڵبژاردنەکە و سەرکەوتنی کاندیدانی پارتیدا.

ده‌ستخۆشى له‌ یە‌كە ‌یە‌كە‌ی ئە‌و ھە‌ڤاڵه‌ دڵسۆزانە‌ ده‌كه‌م كە‌ لە‌ كۆڵان و گە‌ڕە‌كە‌كان و له‌ هه‌ر شوێنێك بانگه‌شه‌یان كرد و دە‌نگدە‌ریان بردە‌ سە‌ر سه‌ندووقە‌كان. زۆر سوپاس بۆ دەنگدەرانی خۆشەویست، بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان و بەخشینی متمانەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان.

‎بەشداریی دڵسۆزانه‌تان، سەلمێنەری بەهێزیی باوەڕ و متمانەتانە بە ڕێبازەکەتان. ئێوە سامانێکی بەنرخ و شانازییەکی گەورەی پارتین کە بە هیممەتی ئێوە و دڵسۆزان لە جەماوەری پارتی و کوردستانییان به‌گشتى، هەمیشە بۆ سه‌ركه‌وتن هەنگاو دەنێت.

پیرۆزبایی لە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکانی پارتی دەکەم، چاوەڕوانیم لە هەموویان ئەوەیە به‌ باشترین شێوه‌ ئەرکەکانیان ڕاپه‌ڕێنن و خزمەتكاری خەڵک بن، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و لایه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى، هەوێنی یەکڕیزیی لایه‌نه‌ کوردستانییه‌كان و بەرگریکاری سەرسەختی مافە دەستورییەکانی هه‌رێمى كوردستان بن.

‎سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا گەواهیدانێكى ڕاستگۆیانەی گەلەکەمانە بۆ متمانه‌ و سەلماندنی پێگەی سەنگینی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. ئەم سەرکەوتنە ئەرک و بەرپرسیاریه‌تییەکانی پارتی زیاتر و گەورەتر دەکات، دەبێت لە ئاستی ئەو بڕوا و دڵسۆزییەی ئەندامان و لایەنگرانی و ئەو متمانەیەدا بێت کە خەڵکی کوردستان پێیان بەخشیوە.

سەرکەوتن لە هەموو پارتییەکان و دەنگدەرانی پارتی و لە تەواوی خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت.

‎نێچیرڤان بارزانی

‎جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

2021/10/14

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین