پارتى: سەردانى ئەو هێز و لایەنانەش دەکەین کە هیچ کورسیەکیان بەدەست نەهێناوە کوردستانی

نوچەنێت:

ئەمڕۆ شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە سلێمانى سەردانى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستانى کرد، وتەبێژى پارتیش دەڵێت، "ئامانجى سەردانەکە بۆ دروستکردنى یەکڕیزى نێوماڵى کوردە."

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێککەوتى (18/تشرینى یەکەمى/2021)، شاندێکى پارتى دیموکراتى کورردستان گەیشتە سلێمانى، شاندەکەی پارتی پێكهاتووە لە فازڵ میرانی، سكرتێری مەکتەبی سیاسی، مەحموود محەممەد و عارف تەیفوور ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، عەلی حوسێن و دڵشاد شەهاب ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی. 

یەکەم کۆبوونەوەى شاندەکەى پارتى لەگەڵ یەکێتى بوو، کە پێکهاتبوون لە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، پێکهاتووە لە شاڵاو عەلی عەسکەری، ئاسۆ مامەند، بورهان سەعید سۆفی و ئەمین بابە شێخ.

لە دواى کۆبوونەوەى شاندى پارتى و یەکێتى، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانییدا، مەحموود محەممەد، وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانى ڕاگەیاند، "بە مەبەستى دروستکردنى یەکڕیزى نێوماڵى کورد سەردانى سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان دەکەین، ئەو لایەنەنانەى کە هیچ کورسییەکیشیان بەدەستنەهێناوە."

مەحموود محەممەد دەشڵێت،"لە کۆبوونەوەکەدا باسى پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق وەک پشکى کورد نەکردووە و دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەم پۆستە بە چ لایەنێک دەدرێت."

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئەمین بابە شێخ بە ناوى یەکێتى ڕاگەیاند، "یەکێتى ئامانجیەتى لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان و بەغداش هەموومان یەکڕیز و پیشتوان بین."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین