ئارێز عەبدوڵڵا: پێویستە کورد لە بەغدا یەک هەڵوێست بێت کوردستانی

نوچەنێت: تایبەت

بەپێی بڕیاری سەرۆک مەسعود بارزانی، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی، مەحمود محەمەد و عارف تەیفور، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، دڵشاد شەهاب و عەلی حوسێن، ئەندامانی سەرکردایەتی، سەردانی هەموو حزبەکوردییەکان دەکەن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە(18ی ئۆکتۆبەری 2021) شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان کرد، ئەندامێکی  سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت" پێویستە حزبەکان لە بەغدا یەکڕیز و هەماهەنگ بن".

دوابەدوای کۆبوونەوەکە هەریەک لە مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەمین بابەشێخ، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر کۆبوونەوەکە قسەیان بۆ راگەیاندنەکان کرد.

ئەمین بابەشێخ گوتی: سەردانی پارتی بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەستپێشخەرییەکی باشبوو، لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی چەندین بابەتی گرنگمان کرد، بەتایبەتیش بابەتی یەکڕیزی کورد لە بەغدا. 

گوتەبێژی پارتی رایگەیاند: ماوەی ساڵێک دەبێ لیژنەی هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ پێکهاتووە، کە چۆن بابەتی ئاساییکردنەوەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئاستەنگ هاتووەتە پێشەوەو جێبەجێنەکراوە، کورد لە بەغذا پێویستی بە یەکڕیزی هەیە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی. گوتەبێژی پارتی ئەوەشی ئاشکراکرد، کە "ئێمە بە بڕیاری سەرۆک بارزانی سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین بەو لایەنانەشەوە کە دەنگیان نەهێناوە".

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی بەپێویستی دەزانێت" پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە هاوبەشی لە بەغدا دیالۆگ بکەن، بۆ چۆنێتی بەشداری لە حکومەتی ئاییندەو چۆنێتی بەرگریکردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان".

سەبارەت بە هەبوونی ئەو ئەگەرەی کە ئایا لایەنەسیاسییەکان وێڕای ناکۆکییەکان لە بەغدا بەیەک تیم کاردەکەن، ئارێز عەبدوڵڵا گوتی" ئەوە دەکەوێتەوە سەر لایەنەکان، چونکە هەموویان دانبەوەدا دەنێن کە پێویستە کورد لە بەغدا یەکڕیزبێت، هەموو حزبەکان ئەوە بەباش دەزانن کە پێکەوە دەتوانن کاری باشتربکەن و هاوپەیمانێتییەکی هاوبەش پێکبهێنن و کورد یەکگرتوو-و یەک هەڵوێست بێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین