جەمال کۆچەر: دەبێت هەڵەی رابردوو دووبارە نەکەینەوە کوردستانی

سیهام میران –نوچەنێت

جەمال كۆچەر، كانديدى براوەى يەكگرتووى ئيسلامى لە پەرلەمانى عێراق، لە لێدوانێکى بۆ نوچەنێت دەڵێت: يەكگرتوو بۆ برِياردان لەسەر ئەوەی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن یان لە حکومەت بەشداردەبێت، زووە. پێویستە لایەنە کوردییەکان بەیەکەوە دانوستان بکەن و هەڵەی رابردوو دووبارە نەکەینەوە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، حزبێکی ئیسلامی سەر بە مەزهەبی سوننەیە، ماوەی بیست و حەوت ساڵە دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە (10/تشرینی دووەم/2021) بووە خاوەنی چوار کورسی پەرلەمانی.

جەمال كۆچەر سەبارەت بە بڕیاری حزبەکەی بۆ چوونە ناو کابینەی نوێی حکومەتەوە رایوایە "لە ئێستادا فراكسيۆنى گەورە دروست نەبووە، نازانین چ لایەنێك حکومەت پێکدەهێنێت تا بزانین شێوازی چۆنە، بۆيە ئێستا زووە بریار بدەین کە ئۆپۆزسیۆن دەبین یاخود بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی عیراقی دەکەین".

جەمال کۆچەر، جاری سێێەمە یەکگرتووی ئیسلامی بەربژێری دەکات بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، پێیوایە، واباشترە سەرجەم حزبە کوردییەکان بەیەکەوە دانوستان و راوێژبکەن و هەڵەی رابردوو دووبارە نەکەنەوە" وا پێشبینی دەکەین کورد دەبێت پێکەوە بە رژدی بیر لە بەدەستهێنانی مافەکانی بکاتەوە، چونکە ئێمە دوو کێشەمان هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە ناکۆکین، دووەميان کێشەکەمان لە بەغدا کێشەی کوردە، نەک کێشەی لایەنێکی سیاسی دیارکراو. ئیتر چۆن رێکدەکەین یاخود کۆدەنگییەك پەیدا دەکەین ئەوە بابەتێكە تا ئێستا روون نییە".

ئەم پەرلەمانتارەی یەکگرتوو رایوایە کە" کورد لە خولی پێشووی پەرلەمان بە لاوازی بەشداری کرد،  نابێ ئەمجارەش بە هەمان رێگا دابرۆین و هەر لاوازبین. ئەگەر باسی یەکريزيی بکەین بۆ ئەوەیە تاکو بتوانین لەگەڵ عیراقییەکان گفتوگۆ بکەین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین