سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: له‌ هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كورد سه‌ركه‌وتوو بێت کوردستانی

نوچه‌نێت

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ به‌ رۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند، تا ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كورد باسى دابه‌شكردنى پۆسته‌كانیان له‌ به‌غدا نه‌كردووه‌ و دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان به‌ پله‌ى یه‌كه‌م نایه‌ن، بۆیه‌ گوتى، "له‌ هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كورد سه‌ركه‌وتوو بێت".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26 ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دواى به‌شداربوونى له‌ دیدارى مێرى كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، قسه‌ى بۆ رۆژنامه‌نووسان كرد و گوتى، "ئێمه‌ ئێستا له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ین هه‌موو لایه‌نه‌كان بانگهێشت بكه‌ین، قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین. ئه‌وه‌ى به‌ لاى ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ كورد به‌ یه‌ك ده‌نگ له‌ به‌غدا به‌شدار بێت".

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ره‌تى كرده‌وه‌ گرژیى له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى وه‌ك سه‌رۆك كۆمار و پارێزگارى كه‌ركووك هه‌بێت، نێچیرڤان بارزانى گوتى، "ئه‌و گرژیییه‌ زیاتر سۆشیال میدیا دروستى كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى راستى بێت ئێمه‌ تا ئێستا نه‌هاتووین دابنیشین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چ پۆستێك بۆ كێ بێت و به‌ چ شێوه‌یه‌ك بێت. ئه‌وه‌ى كه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك كه‌ ده‌یكه‌ین كورد سه‌ركه‌وتوو بێت، پۆست نییه‌. ئه‌وه‌ى گرنگه‌ كورد یه‌ك ده‌نگ بیت و  پۆسته‌كان به‌ پله‌ى دووه‌م دێت".

جارێكى تریش سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌، تا ئێستا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قۆناغه‌ى دانوستاندن تا قسه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كانى پارێزگارى كه‌ركووك و سه‌رۆك كۆمار بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكردنیش له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان باسى له‌وه‌ كرد ئه‌وه‌ى گرنگه‌ له‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا، جێبه‌جێكردنى ده‌ستوورى عێراقه‌، گوتیشى، "ئێمه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ وه‌ك هه‌رێمى كوردستان ئه‌رك و مافمان هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌و چوار ساڵه‌دا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین