وەیسی سەعید: سەرکەوتنی پارتی و شکستەکەی خۆیان پێ هەزم ناکرێت کوردستانی

نوچەنێت

رۆژی رابردوو، لە کاتی قسەکردنی پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان کە هێرشی کردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، پشێوی لە دانیشتنی پەرلەمان دروستبوو، فراکسیۆنی گۆڕان داوایان کرد پەرلەمانتارێکی پارتی داوای لێبوردن بکات، گوایە “قسەی ناشیاوی” کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە(27/تشرینی دووەم/2021) لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا )زانا مەلا خالید( سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای لێبوردنی لە گەلی کوردستان کرد.

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچەنێت گوتی"ئەم پشێوییە بە ئەنقەست دروستکرا، چونکە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەموو ئەو پەرلەمانتارانەش کە لە نزیکی کاک جەلال دانیشتبوون گوتیان کە گوێیان لەو دەربڕینە نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای لێبوردنی کرد".

سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی ئەم پشێوییە، ئەو ئەندام پەرلەمانە رایوایە" لەبەرئەوەی ئەم سەرکەوتنە گەورەی پارتییان پێ هەزم ناکرێت کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەدەستیهێنا، هەروەها ئەو شکستەی ئەوان توشی بوون بۆیە بە دوای دروستکردنی پشێویدا دەگەڕێن".

هەندێک لە ئەندام پەرلەمانانی گۆڕان، داوادەکەن کە ئەم داوای لێبوردنە لە پەرلەمانتاران بکرێت، نەک لە گەلی کوردستان، وەیسی سەعید وەیسی جەخت دەکاتەوە"ئەم داوای لێبوردنەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی خرایە دەنگدان(46) پەرلەمانتار قبوڵیان کرد، کەواتە داوای لێبوردنەکە قبوڵکرا".

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لە کاتی قسەکردندا، هاوکات وێنەی ڤیدیۆیی قسەکردنی خۆی تۆماردەکرد هەمان تۆمار دواتر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووە، لە بارەی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم هەڵسوکەوتە رێپێدراوە بۆ پەرلەمانتاران؟ ئەندام پەرلەمانەکەی پارتی پێیوایە" بەپێی یاسا قەدەغە نییە بەڵام هەندێ هەڵسوکەوت ئەتەکێتی ئەندام پەرلەمان نییە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین