سەرژمێری دانیشتوان لە سیدەکان ئەنجام دەدرێت کوردستانی

سیهام میران-نوچەنێت

سیدەکان شارۆچکەیەکی سەر بە قەزای سۆرانە، دەکەوێتە دووری 144 کیلۆمەتری بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، گەورەترین ناحیەیە لەسەر ئاستی عێراق، پەرلەمانتارێکی ئەو دەڤەرە دەڵێت، پڕۆژەی بە قەزاکردنیمان دەستپێکردووەو دەمانەوێ بۆ ئەم مەبەستە سەرژمێری بکەین.

وەیسی سەعید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچەنێت گوتی" ئێمە وەکو پەرلەمانتارانی دەڤەری سۆران، بەهەموو شێوەیەك پشگیری لە بیرۆکەی بە قەزاکردنی ناحیەی سیدەکان دەکەین، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێك دانیشتنمان کردووە پشگیری ئەو یاداشتەمان کردووە، کە لەلایەن دەستەی بە قەزاکردنی سیدەکان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە. دوێنێ بۆ زیاتر ئامادەکاری بۆ ئەم بابەتە لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبووینەوە".

سیدەکان ناوچەیەکی سنوریە، کە  هەرسێ وڵاتی ئێران،عێراق و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. 

وەیسی سەعید سەبارەت بە بایەخی سیدەکان دەڵێت"بە درێژایی مێژوو رۆڵی دیاری هەبووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد، بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولی مەزن، لە رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لەو سنورە ئەنجامداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بەوەیە لە بواری کارگێرییەوە پێشبکەوێت. بەو پێیەی لە ماوەی رابردوودا دەڤەری سۆران بوو بە ئیدارەیەکی سەربەخۆ هاوشێوەی پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لەبواری کارگێڕیشەوە پێویستە سنورەکە بەرفراوانتر بکرێت". 

بەپێی رێکارە یاساییەکانی بە قەزاکردنی ناحیەیەک، دەبێت لە ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەنگی پێویست بهێنێت. دواتر رێکارە ئیدارییەکانی تر جێبەجێ بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" کۆمەڵێک رێکاری ئیداری و یاسایی ماوە بۆ ئەم مەبەستە، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی سەرژمێرییەکی گشتین لەسەر دانیشتوانی سنورەکە و ژمارەی گوندەکان، هەروەها ئەو فەرمانگانەی کە لە ناحیەی سیدەکان هەن".

سەبارەت بە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی بە قەزاکردنی ناحیەی سیدەکان کراوە، وەیسی سەعید، دەڵێت ئەوان هاوڕان"ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هاورابوون لەگەڵ ئەم بیرۆکەیە، بەڵام پێویستی زەمینە سازی زیاتر هەیە. پێوسیتمان بە کۆمەڵێک داتاو ئاماری گرنگە بۆ دەستکردن بە رێکارە ئیدارییەکان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین