پەرلەمانتارێک نامەیەک ئاراستەی کونسوڵی ئەڵمانیا دەکات کوردستانی

سیهام میران-نوچەنێت

ئەندام پەرلەمانێک لە پەرلەمانی کوردستان، نامەیەک ئاراستەی کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر دەکات و داوای لێدەکات وڵاتەکەی هاوکاری پەنابەرانی کوردبکات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە( 11/تشرینی دووەم/2021) عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمان کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نوچەنێت گوتی"ئەڵمانیا تاکە وڵاتە بەهانای کۆچبەرانەوە بچێت، لە رووی وەرگرتنی پەنابەران و پاراستنی مافەکانی مرۆڤیشەوە، چونکە وڵاتێکی گەورە و بەهێزی یەکێتی ئەوروپایە، بۆیە نامەیەکم ئاراستەی کونسوڵی ئەڵمانیا کردووە".

ماوەی چەند رۆژێکە زیاتر لە 2500 پەنابەر کە بەشێکیان خەڵکی کوردستانی باشورن، لەسەر سنوری لیتوانیا و پۆڵەندا گیریان کردووە، بەهۆی برسێتی و سەرماوە دۆخیان خراپە و چەند کەسێکی گیانی لە دەستداوە.

سەبارەت بە ناوەرۆکی نامەکە، عومەر گوڵپی دەڵێت" داوام کردووە جەنابی کونسوڵ لە رێگای فەرمی خۆیەوە ،داوا لە بەرپرسانی وڵاتەکەی بکات بەهانای کۆچبەرانەوە بچن، چونکە ئێستا وەرزی سەرمایەو ئەگەر باران و بەفر ببارێت کارەساتی مرۆیی روودەدات. ئەڵمانیا هەمیشە وڵاتێکی هاریکاربووە بۆ هەرێمی کوردستان، دەکرێت لەو بابەتەش بەهانای ئەو کۆچبەرانەوە بچن کە زۆرینەیان خيڵکی هەرێمی کوردستانن بە تایبەت بەهانای مناڵ و ژن و خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆشەکان بچن".

دەقی نامەکە :

بەڕێز کلێمنس سێمتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر 

بەدڵنیاییەوە بەڕێزت لە رێگەی‌ میدیا، بەتایبەت میدیاکانی‌ وڵاتەکەتەوە ئاگاداری‌ کە نزیکەی‌ چوار هەزار هاووڵاتی کە زۆرینەیان کوردن‌و خەڵکی‌ هەرێمی‌ کوردستانن، لە نێوان هەردوو وڵاتی‌ بیلاڕوس‌و پۆڵەندا گیریان خواردووەو دەیانەوێت ڕوو لە وڵاتەکەتان بکەن وەک پەنابەر. 

لەم نامەیەدا دەمەوێت داوا لە بەڕێزت بکەم، لە ڕێگەی‌ کەناڵە فەرمییەکانی‌ خۆتانەوە، داوا لە بەرپرسانی‌ وڵاتەکەت بکەیت کە بە زوویی‌ بڕیارێک لە چارەنوسی‌ ئەو کۆچبەرانە بدەن، هەروەها بەزوویی‌ بەهانایانەوە بچن کە لە کەش‌و هەوایەکی زۆر سارددا بەبێ خواردن‌و پێویستی‌ ژیان، چەند رۆژێکە لەو جەنگەڵانەی سنور ژیان بەسەر دەبەن، بەتایبەت بەلامەوە گرنگە داواتان لێ بکەم کە بەزوویی‌ بەهانای‌ منداڵان‌و ژنان‌و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت‌و نەخۆشەکانەوە بچن، کە ئەگەر بەو جۆرە لەو سنورە ساردو سەختە بمێننەوە ئەوە ئەگەر هەیە ژیانیان لەدەست بدەن‌و هەموو شاهیدی‌ بینینی‌ کارەساتێکی‌ مرۆیی‌ بین. 

بەڕێز سێمتنەر: وڵاتەکەتان لە چەندین قۆناغی‌ جیاجیادا‌و بەچەندین ڕێگە هاوکاری‌ هەرێمی‌ کوردستان‌و خەڵکەکەی‌ بووە، هەربۆیە لەم کێشەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان‌و یاسای‌ وڵاتەکەتان‌و بنەما مرۆییەکانەوە چاوەڕوانی‌ هاوکاری‌‌و پشتیوانیتان لێ دەکەین. 

لەگەڵ ڕێز 

عومەر گوڵپی‌ 

ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان 

١١ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین