سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆك كۆمار جه‌خت له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تێكى خزمه‌تگوزار ده‌كه‌نه‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق كرد و له‌ دیدارێكدا دووپاتیان له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تێكى نوێى عێراق كرده‌وه‌ كه‌ خزمه‌تگوزار بێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ى تشرینى دووه‌م، له‌ هه‌ولێر سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراق كرد و له‌ راگه‌یێندراوێكى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم باس له‌وه‌ كراوه‌ له‌ دیدارێكدا هه‌ر دوو سه‌رۆك تاوتوێى چه‌ندان پرسی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌رێمى كورستان و عێراقییان كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانه‌كانى عێراقدا نێچیرڤان بارزانى و به‌رهه‌م ساڵح دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌ دەبێت هه‌موو لایه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕووى ته‌حه‌دییه‌كان ببنه‌وه‌ و كار بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى خزمه‌تگوزار بكەن.

ده‌قى راگه‌یێندراوى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر دیداره‌كه‌:

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/11/17 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌ركۆمارى عیراقى فیدراڵ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عیراق به‌گشتى و قۆناغى دواى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق و ئه‌نجامه‌كانى، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنیان، پرسى دامه‌زراندنى حكوومه‌تى داهاتووى عیراق، شه‌ڕى تیرۆر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، خرانه‌ به‌ر باس و بیروڕایان له‌باره‌یانه‌وه‌ گۆڕییه‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگى و پێویستیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى ته‌حه‌دییه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ بۆ جێگیركردنى سه‌قامگیرى و هێنانه‌كایه‌ى حكوومه‌تێكى خزمه‌تگوزار و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بۆ چاوه‌ڕوانى و داواكارییه‌كانى هاووڵاتیان كار بكه‌ن و پرۆسه‌ى سیاسى و وڵات بخه‌نه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ و پێگه‌ى دروستى خۆى.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین