گرووپە چەكدارەكانى نزیك لە توركیا لە لیبیا دەكشێنەوە تورکیە

نوچەنێت:

یەكەم كاروانى گرووپە چەكدارەكانى نزیك لە توركیا خاكى لیبیان بەجێهێشت و بەفڕۆكەى توركیا گەڕانەوە ناو خاكى سووریا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (17ى تشرینى دووەمى 2021) ماڵپەڕى (مەڕسەدى سوورى) بڵاویكردەوە، ئێوارەى دوێنێ سێشەممە یەكەم كاروانى گرووپە چەكدارەكانى سوڵتان موڕاد و سلێمان شا و سوپاى مەجد و چەند گروپێكى ترى نزیك لە توركیا خاكى لیبیان بەجێهێشت بە فڕۆكەیەك گەڕانەوە سووریا، بڕیارە لە ماوەیەكى نزیك سەرجەم گروپەكان ئەو وڵاتە جێهێڵن. 

سەبارەت بە ژمارەى ئەو چەكدارانە بەگوێرەى ئەو سەرچاوانەى بە ماڵپەڕەكەیان راگەیاندووە، (140) چەكدار بووینە، زۆربەیان سەر بەگرووپى سلێمان شا و سوپاى مەجد بوونە، كە بە فڕۆكەیەكى توركیا هاتوونەتەوە ناو ولاتى توركیا لەوێشەوە پەڕینەوە ناو خاكى سووریا.

پێشتریش حكومەتى توركیا چەند جارێك ئاڵوگۆڕى بە گرووپە چەكدارەكانى نزیك لەخۆى كردووە، بەڵام ئەمجارە لەبەرانبەر ئەو چەكدارانە هیچ چەكدارێكى ترى رەوانەى لیبیا نەكردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەیەكى نزیك ئەوانەى تریش بگەڕێنەوە خاكى سووریا.

لە دواى ململانێكانى ناوخۆى لیبیا حكومەتى توركیا سەدان چەكدارى بیانى لە سووریاوە رەوانەى خاكى ئەو وڵاتە كرد، کە كاریگەرى زۆریان لەسەر یەكلایكردنەوەى شەڕى ناوخۆى لیبیا هەبوو لە بەرژەوەندیى حكومەتى تەڕابلوس.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین