سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: دوای پێدانی دەرماڵە داواکاری تریشی بەدوادادێت کوردستانی

سیهام میران-نوچەنێت

سەرۆكى يەكێتى مامۆستايانی کوردستان، پاڵپشتى يەكێتيەكەيان بۆ داواكارى خوێندكاران و قوتابيان رادەگەێنێت و دەڵێت: دەبوایە پێش ئەوەی بڕژێنە سەرشەقامەکان کێشەکەیان بۆ چارەسەرکرابوایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە(  24/تشرینی دووەم/2021) ماوەی چوار رۆژە قوتابيانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە سلێمانى  و چەند شارێكى ترى كوردستان بۆ دەربرِينى نارِەزايى، لەسەر دەرماڵەى قوتابيان و پێداويستييەكانى تری بەشە ناوخۆییەکان، خۆپيشاندان ئەنجام دەدەن، بەو هۆیەوە چەند قوتابییەک برینداربوون.

عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكى يەكێتى مامۆستايانی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان، لە لێدوانێکدا گوتى" خوێندکاران مافی خۆیانە خۆپیشاندان بکەن داوای مافەکانی خۆیان بکەن، چونکە پێشتر دەرماڵە هەبووە و رەنگە برێکی کەم بووبی بەڵام هەر چۆنێك بووە بەشێك لە پێداویستییەکانی خۆیان پێی دابین کردووە. لە 2014 کە بەهۆی کێشەی داراییەوە لێێان بڕدراوە، رەنگە ئێستا دۆخی دارایی باشتربووبێت، بۆیە دەبوایە بەر لەوەی خۆپیشاندان بکەن و بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆیان گەڕێندرابایەوە".

تا ئێستا يەكێتى مامۆستايان هەڵوێستى لەسەر ئەم بابەتە نييە، بۆچی؟ مامۆستا عەبدولواحيد محەمەد لەوەڵامی ئەم پرسیارە گوتى " ئەوە دەگەڕێتەوە سەر راوبۆچوونی سکرتاریەت لەوەی کە بەیاننامەیەک هەبێت یاننا. ئەو داواکاریە تایبەتمەندی خۆی هەیە کە پەیوەستە بە خوێندکاران. زۆرترین رێکخراوە خوێندکارییەکان پەیوەيەندیدان بەو بابەتەوە. هەر توێژێك بە شێوازێكی مەدەنیانە داوای مافی خۆی بکات، کە مافەکان رەوایەتی تێدابێت ئێمە وەکو یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پشتیوانی دەبین بەڵام بەو مەرجەی توندوتیژی و خەڵکی لابەلای تری تێنەکەێتەوە".

سەرۆكى يەكێتى مامۆستايان، هۆشداری لەسەر بەردوامبوونى ئەو خۆپیشاندان و ئەو کێشانە دەدات و دەڵێت"بەردەوامبوونی ئەو کێشەیە زیانی گەورە بە پەروەردە دەگەیەنێت. ساڵانە خشتەیەك هەیە لە وەزارەتی پەرەوەردە و خوێندنی باڵا پرۆسەی خوێندنی پێی بەرێوەدەچێت، هەر بۆشایەك لەو خشتەیە هەبێت لە کاتی جێبەجێکردنی بەسەریدا تێپەڕین کاریگەری دەبێت لەسەر خوێندن". 

هاوکات سەرۆكى يەكێتى مامۆستايان رایوایە، ئەگەری ئەوەهەیە دواى مەسەلەى دەرماڵەى قوتابيان، هەندێك داواكاری تريش وەك پاشكەوت و بەرزكردنەوەى پلەى فەرمانبەران زيندووبكرێنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین