مەسرور بارزانى: دەبێ پێکەوە هەست بە بەرپرسیاریەتى بکەین کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیێنێت، خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییە و سوتاندنى هەندێ بارەگا هەموومانى ئازاردا.

ئەمڕۆ شەممە (27)ى تشرینى دووەم (2021)، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵێک قوتابى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.

مەسرور بارزانى لە میانى گفتوگۆکەى لەگەڵ قوتابیاندا ڕایگەیاند، ئێمە دەزانین لە وڵاتێکدا دەژین، بەداخەوە بە درێژایی مێژوو دووچاری چەندین قەیران و کێشە و مەینەتی و هێرش و غەدر و زوڵمی مێژوویی بەسەر بەو وڵاتەدا کراوە."

سەرۆکى حکوومەتى هەرێم ڕاشیگەیاند، "هەموو هەوڵێک دراوە کە نەهێڵن خۆمان لەسەر پێی خۆمان بوەستین، هەمووکات واکراوە لایەنەکانی دیکەش سوود لە جیاوازیی نێوانمان وەربگرن، لە کێشە و قەیرانەکان هەندێک جار کە دروست دەکرێن."

لە درێژەى وتارەکەیدا لەگەڵ قوتابیان، مەسرور بارزانى ئاماژەى بەوەکرد، دەزانم ئێوە کێشەتان هەیە، بەڵام لە هەموو کوردستان کێشە هەیە، باسی هەر چین و توێژێک بکەین، رەنگە چەندین گیروگرفتیان هەبێت، چارەسەرکردنی کێشە بەوە دەکرێت کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەین، پێکەوە هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەین، حوکمرانی تەنیا ئەوە نییە حکومەتێک حوکمڕانی بکات و هاووڵاتیش تەنیا گوێ رایەڵ بێت، دەبێ هەردوولا پێکەوە کاربکەن.

دەربارەى خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییەى قوتابیان، سەرۆکى حکووتى هەرێم گووتیشى، خۆپیشاندان مافێکی ئاساییە، حکومەت پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکات، بەڵام ئەوەی بینیمان سوتاندنی بارەگا و پەلاماردانی یەکتر، خوانەخواستە توندوتیژی و خوێن رشتن، لە راستیدا هەموومان ئازار دەدات، باوەڕناکەم کەس لە ئێوەش ئەمەتان پێخۆش بێت، بەڵام بۆچی رێگە بدرێت یەکێکی دیکە بێت بەناوی خۆپیشاندان، ئەجندای سیاسی خۆی بەناوی قوتابی جێبەجێ بکات، پێش هەموو کەسێک دەبێ ئێوە خاوەنداریەتی ئەم وڵاتە بکەن، نەهێڵن هیچ کەسێک بێت خۆپیشاندان بقۆزێتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین