ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: پێویستە چاودێری گۆشتفرۆشەکان بکرێت کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

دەنگۆی پەیدابوونی نەخۆشییەکی نوێ لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: پێویستە لیژنەکانی قائیمقامیەت چاودێری گۆشت بکەن وەک چۆن چاودێری نانەواخانەکان دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (30/تشرینی دووەمی/2021) عیماد ڕەفعەت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت  سەبارەت بە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە راگەیاند"ئێمە وەکو ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەتایبەتی لیژنەی کشتوکاڵ و تەندروستی بەیەکەوە، هەڵمەتێکمان دەست پێکردووە چاودێرییەکی چڕی رەوشی ئاژەڵ و گۆشت دەکەین، دوای ئەوەی کە ئەو نەخۆشییە لە سلێمانی پەیدابوو، ئێمەش لێرە هەستاین بە چاودێری کردنی پاکوخاوێنی سەربڕخانەکانی  هەولێر، بەداخەوە چاومان بە هەندێ شت کەوت کە بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان ئاژەڵ سەردەبڕدرێت و بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێتەوە ، ئەمەش زیاتر ئەو ئاژەڵانەن کە نەخۆشن یاخود شتێکیان بەسەر هاتووە هاوڵاتیش لەبەرئەوەی نرخی هەرزانە دەیکڕێت و نازانن کە ئەو ئاژەڵە نەخۆشە ".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی باش و خراپی گۆشت و پاراستنی هاوڵاتییان لەو نەخۆشییانەی کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە رایوایە " ئێمە داوا لە لیژنەی ئاسایش و قایمقام دەکەین کە چاودێریەکانیان چڕتر بکەنەوە بەتایبەت چاودێری گۆشت فرۆش و سەربڕخانانەکان هەم چاودێری نرخەکەی بکرێت هەم چاودێری رەوشی تەندروستی".

بە پێی یاسا ناردنە دەرەوەی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستانەوە قەدەخەیە، عیماد رەفعەت دەڵێت" بە پێی یاسا  قەدەخەیە ئاژەڵ بچێتە دەرەوەی هەرێم، بەڵام بەداخەوە رۆژانە بەدەیان سەرمەڕ بۆ خواروی عێراق دەنێردرێت، بۆیە لەوکاتەدا نرخی گۆشت گران دەبێت، ئێمە هەموو ئەو گرفتانەمان تاوتوێکردو بانگهێشتی لایەنی پەیوەندیدارمان کرد، ئێستاش چاودێری ئەم بابەتە دەکەین، داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار یش کردووە هەرچی زووە دەست بە کارەکانی خۆیان بکەن. هەروەها داوامان لە قائیمقامی هەولێر کردووە هەروەک چۆن چاودێری نانەواخانە وبازاڕدەکات، بەم شێوەیەش چاودێرییەکی چڕی گۆشت و پێكهاتەکانی گۆشت بکات".

دەربارەی رێگاچارە بۆ  دابەزاندنی نرخی گۆشت عیماد رەفعەت پێیوایە"ئەگەر ناردنی ئاژەڵ بۆ خوارووی عێراق  قەدەخە بکرێت، ئەوا نرخی گۆشت دادەبەزێت، لەگەڵ ئەوەی بە یاسا قەدەخەکراوە بەڵام  نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەگوتەی سەربڕخانەی هەولێر کە بەلیژنەی گوتبوو بەیانیان کاتژمێر (7,30)رێژەیەکی زۆر ئاژەڵ دەنێردرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین