پارتى : سه‌رۆك كۆمار ده‌ستێوه‌ردانى بۆ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن كردووه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ راگه‌یێندراوێكدا ده‌ڵێ، "هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ پاكى و دیموكراسییانه‌ به‌ڕێوه‌چوو، تا ئه‌و كاته‌ى به‌ بڕیارى سیاسى و ده‌ستێوه‌ردانى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى دادوه‌رى ماوه‌ى تانه‌ لێدانه‌كان به‌ نایاسایى درێژكرایه‌وه‌".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ دووى كانوونى یه‌كه‌م مه‌كته‌بى سیاسى پارتی له‌ راگه‌یێندراوێكدا ئاشكراى ده‌كات به‌ بڕیارى سیاسى و ده‌ستوه‌ردانى سه‌رۆك كۆمار گۆڕانكارى له‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق كراوه‌ و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ رێكاریى یاسایى ده‌گرنه‌به‌ر.

راگەیاندراوی مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان

پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە رێکەوتی ١٠ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بە پاکی و دیموکراسییانە بەڕێوەچوو تا ئەو کاتەی بەبڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆککۆمار و سەرۆکی دەستەی دادوەری ماوەی تانە لێدانەکان بە نایاسایی درێژکرایەوە، بەمەبەستی دەستکاری ئەنجامەکان لەبەرژەوەندی ھەندێک لایەنی دیاریکراو.

دوای ئەوەی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی پارتیمان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەری کۆبوونەوە، دەرکەوت تەواوی بەڵگەکانمان سەلمێنەری پێشێلکاری بوون، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دەستێوەردان و گۆڕانکاری و پێشێلکارییانە رەتدەکەینەوە و داکۆکی لە مافی کاندید و دەنگدەران دەکەین و، بە پێویستیشی دەزانین مافی زەوتکراویان بۆ بگەڕێتەوە، لەو روانگەیەوە لەپێناو دادپەروەری و گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان، بە ڕێکاری یاسایی بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو مافانە و لابردنی پێشێلکارییەکان و، ھەنگاوەکانی داھاتووشمان لە کاتی خۆی دا رادەگەیەنین.

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢ـی ١٢ـی ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین