نۆ بڕیار لە ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هەولێرەوە کوردستانی

نوچەنێت:

ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هەولێر سەبارەت بە رێکارەکانى خۆپارێزى و دانانى ڤاکسینى دژە ڤایرۆسى کۆرۆنا نۆ بڕیارى دەرکرد.

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە چوارى کانوونى دووەمى (2022)، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، بەسەر پەرشتى ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر کۆبۆوەوە بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکانى لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبۆوە.

پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ماوەى پێدانى ڤاکسین تاوەکو 2022.1.20 درێژکرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەکو ئەم ڕێککەوتە ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."

 

دەقى بڕیارەکانى ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هەولێر:

یه‌كه‌م/ ماوەى پێدانى ڤاکسین تاوەکو 2022.1.20 درێژکرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەکو ئەم ڕێککەوتە ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

دووەم/ ئەنجامدانى پشکنینى کۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران، ئەوانەى لە دەرەوەى کوردستان دەگەڕێنەوە، پشکنینى خێراى کۆرۆنا لە فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و مەرزى حاجى ئۆمەران بۆیان ئەنجامدەدرێت.

سێیەم/ بەستنی (ماسک) بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان چاودێری دەکەن.

چواره‌م/ دەبێت هەموو ئەو گەشتیارانەى لەشارەکانى ترى خوار و ناوەڕاستى عێراقەوە سەردانى هەولێر پایتەخت دەکەن پشکنینى کۆرۆنایان پێبێت کە ماوەکەى 72 کاتژمێرى تێپەڕنەکردبێت، بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکانى گەشتیارى بەرپرسیارن و دەخرێنە لیستى ڕەشەوە. 

پێنجەم/ سه‌رجه‌م کارمەندانى فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، کارمەندانى کەرتى تایبەت (بازرگانی، ڕیستۆرانت، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانه‌، یانەى شەوانە، هۆڵ) ده‌بێت ڤاکسین وەرگرن و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك)، بەپێچەوانەوە دووچارى ڕێکارى یاسایی دەبنەوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چادودێرى دەکرێن. 

شەشەم/ بۆ بابەتى پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئەوقافى هەولێر ڕاسپێردرا ڕا و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزراەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بکەن تاوەکو بڕیار و ڕێنامایی نوێى لەبارەوە دەربچێت. 

حەوتەم/ ئەگەرچى لە ئێستادا خۆشبەختانە ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکان هەرماوە و جدین، بەتایبەتى مەترسییەکانى هاتنى (ئۆمى کۆرۆن) کەخێرا بڵاودەبێتەوە، بۆیە لە پێناو سەلامەتى گشتیى و پاراستنى خۆتان و ئازیزانتان پابەندنى تەواوى ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان بن بەتایبەتى بەستنى (ماسک). 

هەشتەم/ سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێكارانه‌ى ژوورى ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتربکەن. 

نۆیەم/ ئه‌م رێكارانه‌ له‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 4 له‌سه‌ر 5ى 1ی 2022 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. 

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر

2022.1.4

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین