عەبدولواحید محەمەد: بەهۆى دەرکردنى چەندین ڕێنمایى نوێ ئەرکى سەرپەرشتیارانى پەروەردەیى ونکراوە کوردستانی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ نوچەنێت نیگەرانى خۆى دەردەبڕێت، کە وەک پێویست گرنگى بە سەرپەرشتیارى پەروەردەیى (هاوڕێى ڕەخنەگر) نادرێت و ئەمەیش کاریگەرى خراپى هەبووە لەسەر مامۆستا و قوتابخانەکان و پرۆسەى پەروەردە لە هەرێمى کوردستان.

مامۆستا عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە بەشێکى تر دیمانەکەیدا دەڵێت، ئێستا کارى سەرپەرشتیاریی پەروەردەیى لە وڵاتی ئێمەدا بە شارێگەی خۆیدا ناڕوات، تاوەکو بتوانێ خزمەتی پەروەردە بکات.

 

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ مامۆستا عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان:

نوچەنێت: پێشووتر سەرپەرشتیارانى پەروەردەیى بەردەوام سەردانی قوتابخانەکانیان تا دەکرد، لە ئێستادا تا چەند لە چینى سەرپەرشتیارانى پەروەردەیى رازین؟

عەبدولواحید محەمەد: سەرپەرشتیار ئەڵقەیەکی زۆر گرنگە لە پڕۆسەی فێرکردن، لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان هەیە، کە رێنماییکاری مامۆستا و هەڵوەستەکردن لەسەر کێشە و ئاریشەکان ئەو بابەتانە دەکات، بۆ ئێمەش لە رابردوودا سەرپەرشتیار ئەڵقەیەکی گرنگ بووە لە کۆی ئەو ئەڵقانەی لە پەروەردە بەرێوە دەچن.

نوچەنێت: زوو زوو شێوازی کارى سەرپەرشتیاری دەگۆڕدرێت ئەمە کاریگەرى خراپى نابێت لەسەر پڕۆسەی پەروەردە؟

عەبدولواحید محەمەد: لە ڕاستیدا کێشەکە ئەوەیە هەتا ئێستا پڕۆسەی سەرپەرشتیاری کردن لە وڵاتی ئێمە بە شارێگەی خۆی ناڕوات تاوەکو خزمەتی پەروەردە بکات، چەند ساڵێکە گۆڕانکاری بەسەر ئەرک فەرمانەکانی سەرپەرشتیاردا هاتووە، راستە لە وڵاتان شێوازی جۆراوجۆر هەیە شێوازی گروپ هەیە شێوازی فەرمی هەیە بەڵام خۆی دەبێت رێچکەی خۆی بگرێت ئەرکەکانی دیاری بکرێت لە چوارچێوەی پڕۆسەی پەروەردەدا راپەڕێندرێت.

سەرپەرشتیار لە بەشێک لە وڵاتان دەستەیەکی تایبەتە، راستەوخۆ پەیوەستە بە نووسینگەى وەزیر یان وەزیر یاخود بریکاری وەزیر دەستەی سەرپەرشتیاریى پەروەردەیى دەکات، دەبێت دەستەیەکی دابڕاو بێت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان، چونکە خۆی رۆڵێکی رێنمایی کار دەبینێت، بۆیە ئەم بابەتانە وەکو پێویست نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە لە کۆنگرەی چوارەمی (2007) کۆنگرەى پێنجەمی (2015)یشدا بریار لەوە درا کە ئەو دەستەیە بەڕاستی ئەرکەکانی دیاری بکرێت مافەکانیشی دیاری بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە بە تەواوی نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

نوچەنێت: جاران هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ مامۆستا هەبوو بۆچى ئێستا ئەوە نەماوە؟

عەبدولواحید محەمەد: سیستەمی ئێستا ئەوە دوو سێ ساڵە پەتای کۆرۆنا پەکی هەموو پرۆسەیەکی خستبوو ئەگینا ئەوە دوو سێ ساڵێکە سەرپەرشتیاریى پەروەردەى (هاوڕێی رەخنەگر) ئەرک و کارەکانی لە ژێر ناونیشانی هاوڕێی رەخنەگر دیارکراوە، من پێموایە بەڕاستی دەبێت ئەوە تۆزێک روونتر بکرێتەوە چونکە سەرپەرشتیار سەرپەرشتیارە دەبێت سەرپەرشتیاری پڕۆسەی پەروەردەو رێنمایی مامۆستا و ئەو ئەرکە هەنووکەییانەی ناو پۆل لە ئەستۆ بگرێت لە چوارچێوەی ئەرکەکانیدایە جێبەجێبکات، بەڵام ئێستا سیستەمی گرووپ پیادە دەکەن وەکو ئەوەی کە بە گرووپ دەچنە ناوەندەکانی خوێندنەوە هەڵسەنگاندن بۆ کۆی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن بۆ باڵەخانە و بینا و ئەرکی ئیداری و ژینگە ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە ناوەندی خوێندنەوە، بەڕای من ئەو ئەرکەی سەرپەرشتیار پێویستە بیبینێ ئێستا ئەو ئەرکە ونکراوە لە چوارچێوەی ئەرکی تازەدا، پێویستە ئەو بابەتە روونتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیار بکەوێتە سەر ئەرک و مافەکانی خۆی.

نوچەنێت: تۆ چ رەخنەت لە شێوازی ئێستاى هاوڕێی رەخنەگر هەیە؟

عەبدولواحید محەمەد: کێشەی گەورەمان ئەوەیە چەند ساڵێکە ئەو ئەرک و بوارانەی کەوا پەیوەستە بە پڕۆسەی سەرپەرشتارییەوە ونکراون لە نێو کۆمەڵێک رێنمایی بەردەوام و  تازەدا، دەبێت ئەم ئەرکانە یاخود ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پڕۆسەی سەرپەرشتیاری کە هەروەکو لە وڵاتان شێوازی جۆراوجۆر هەیە، بەڵام دەکرێت ئێمە لەسەر یەک شێواز لەسەر یەک ریتم ئەرک و کاری سەرپەرشتیاری روون بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵ تا کۆتایی ساڵ بتوانێت  ئەرک و نەخشەکانی خۆی جێبەجێبکات بە هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستا  و پڕۆسەی پەروەردەدا، گرنگ ئەوەیە چیتر لەنیو کۆمەڵێک رێنماییدا لەنێو ئەرکی جۆراوجۆردا ئەرکی سەرەکی سەرپەرشتیاری وون نەکرێت.

نوجەنێت: بۆچی هەر وەزیرێکی نوێ بریارێکی نوێ دەدات بۆچی چارەسەر ناکریت؟

عەبدولواحید محەمەد: پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەکی هەنووکەی و بابەتی نییە، پڕۆسەیەکی درێژخایەنە، پێویستە ئەو پڕۆسەیە بە ستراتیژییەت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت واتە بە پلانی درێژخایەن، من لەگەڵ ئەوەدا نیم هەموو چوار ساڵ جارێک وەزیر بگۆڕدرێت، راستە وەزیر پێگەیەکی سیادییە، بەڵام کاریگەری خۆی لەسەر پڕۆسەی پەروەردە هەر دەبێت لەبەر ئەوە پێویستە نەخشە و پلان هەبێت، من بەباشتری دەزانم ئەنجومەنێکی باڵای پەروەردەو خوێندنی باڵا هەبێت ئێمە تەنیا کێشەمان لەسەر پڕۆسەی پەروەردەدا نییە لەگەڵ خوێندنی باڵاشدا هەمانە، چونکە هەردووکیان تەواوکەری یەکترن، زۆر جار بۆشاییەک لە نێوان هەردوو وەزارەت بەدی دەکرێت لەگەڵ مامەڵە کردنی قوتابیان و خوێندکاران لەگەڵ زانکۆکان، باشتر وایە ئەنجومەنێکی باڵای پەروەردەو باڵا هەبێت ئەو ئەنجومەنە نەخشەو پلانەکان دابڕێژێت، جۆرێک لە ستراتیژییە وێنا دەکات دەبێتە پلانێکی درێژخایەن بۆیە کەسێک  بەتەنیا ناتوانێ ئەرکەکان ڕایى بکات

هەروەها بەتەنیاش ناتوانرێت دەستکاری ئەو بابەتانەش بکات، من وای دەبینم بەو شێوە چارەسەری ئەو کێشەیە دەکرێت کە ئێمە چەندین ساڵە پڕۆسەی پەروەردە لەگەڵ گۆڕان کاری کابینە وەزارییەکان گۆڕانی تازە دێتە پێشەوە جۆرێک لە نیگەرانی لەلایەن مامۆستایان و لەلایەن بەرێوەبەرو ئەوانەی کە کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەی پەروەردە درووست کردووە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەنجومەنێکی باڵای پەروەردە و کۆمەڵێک کەسى شارەزایە لەو ناو پڕۆسەی پەروەردەدا دروست بکرێت،  ئەوانە وێنەی سیاسەتی گشتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بکەن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پەروەردە بکەوێتە سەر شارێگەی خۆی کاریگەری کەسی لەسەر نەبێت.

نوچەنێت: ئایا بە فەرمی باسی ئەوەت کردووە کە وەزیری پەروەردە نەگۆڕدرێت؟

عەبدولواحید محەمەد: ئێمە لە رابردووشدا وتوومانە مەرج نییە هەموو جارێ وەزیرى پەروەردە بگۆڕدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نیم بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە یان بەڕێوەبەری پەروەردەش هەموو چوار ساڵ جارێک گۆڕانکاری بەسەردا بێت، چونکە خۆی شارەزای پەیداکردن ئاسان نییە، شارەزایی ماندووبوونی دەوێ شەو نخونی دەوێ لەهەمان کاتدا کاری مەیدانی دەوێت، بۆنمونە کەسێک شارەزای لە ئەرکەکەیدا پەیدا دەکات تۆ لە ناکاو دەیگۆڕیت، پڕۆسەی پەروەردە کێڵگەی تاقی کردنەوە نییە، بۆ ئەوەی بەردەوام گۆڕانکاری دروست بێت، بەڵام دەکرێت بەردەوام لێپرسینەوە بکەین ئەگەر کەسێک نەی توانی کارەکانی بەسەرکەوتووی بکات ئەوە با لێپرسیینەوەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئەگەر توانای ئەوەی هەبوو سەرکەووتوبێت لە بەڕێوەبردندا، بەڕاستی پێویستە چانسی ئەو پلانەی کە هەیەتی و قبوڵکراوە لەلایەن مامۆستا و کۆمەڵانی خەڵكیشەوە، ئیتر درێژەی پێبدات.

نوچەنێت: سەرپەرشتیاری پەروەدەیى رۆڵی خۆی بینیوە؟

عەبدولواحید محەمەد: ئەرکی سەرپەرشتیار لەناو ئەو هەموو رێنماییە تازەیەدا جۆرێک لە وون بوونی پێوە دیارە، جارێکی تر دووبارەی دەکەمەوە لەسەر قسەکەی خۆم پێویستە سەرپەرشتیار دەستەیەکی سەربەخۆ بێت لە هەموو روویەکەوە راستەوخۆ سەر بە وەزیر بێت یان سەر بە وەکیل وەزیر بێت بۆ ئەوەی ئەرکەکانی خۆیان بە جوانی وێنا بکەن، لە چوارچێوەی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندندا پیادەی بکەن، بەوشێوەیە دەکرێت بڵەین ئەرکی سەرپەرشتیاری دەکەوێتە سەر شا رێگەی خۆی لەگەڵ ئەوەی گۆڕانکاری گرنگە بیکات، هیچ شتێک نییە لە دەقی خۆیدا بمێنێتەوە دنیا دەگۆڕێت و زانستیش دەگۆڕێت هەموو شتێک دەگۆڕێت، بەڵام دەبێت گۆرانەکان تەواوکەری ئەرکەکانی رابردوو بێت شتێک نەبێت تازە بێت ئەوەی رابردوو وون بکرێت.

نوچەنێت: دەگوترێت حیزب لە دانانی سەرپەرشتیاران تەدەستوەردان دەکات ئەمە تا چەند ڕاستە؟

عەبدولواحید محەمەد: خۆی لە پێشووتردا رەنگە هەبووبێت، بەڵام لە هەشت ساڵی رابردوودا کە ئێمە لە نزیکەوە ئاگادار بووین، کە خۆشمان خاوەنی ئەو پڕۆژەیە بووین کە بەڕێز وەزیر( دکتۆر دڵشاد عەبدولڕەحمان) لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێم پڕۆژەکە پێشنیاری یەکێتی مامۆستایان بوو دەستەی نیشان کردنی سەرپەرشتیاران کۆمەڵێک پێوەرو کۆمەڵێک فلتەر دێت بۆ ئەوەی کەسانی شیاو دیاری بکرێت لە دوو بەشی رابردوودا کە ئێمە ئاگادارین تەداخولات کەمبووە نەبووە.

هەروەها ئەو کەسانە بە تاقی کردنەوەدا رۆشتوون لەگەڵ چاوپێکەوتن بە کۆمەڵێک فلتەردا رۆشتوون کەسەکان دیاری کراون هەست بەوە نەکراوە کە راستەوخۆ تەداخول لە بابەتەکان کرابێت، بۆیە خەڵکی بێلایەن و خەڵکی لایەنەکانی تریش لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، جەخت لەوەش دەکەینەوە کە دەبێت بەشێکی تر سەرپەرشتیار چانسی ئەوەیان پێبدرێت دیاری بکرێن چونکە کەموکوڕی هەیە لە بابەت و  پەروەردەکان بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ئەو پێوەرانەی لە رابردوودا ئێمە هەمانبوو بگرە بە پێوەری باشتر و زانستیانەتریش ئەو بەڕێزانە دیاری بکرێت چونکە بەراستی هەیە خزمەتێکی زۆری پەروەدە دەکات.

نوچەنێت: دەتوانى بە ئامار پێمان بڵێىى چەند سەرپەرشتیار هەیە؟

عەبدولواحید محەمەد: ئامارێکی وردم لەبەردەست نییە، چونکە ئێمە ئەوە چوار ساڵە سەرپەرشتیار  ئیداری نەکراوە، چونکە بەشێکیان خانەنشین بوون و بەشێکی تریشیان هەیە کۆچی دواییان کردووە، ژمارەیەکی بەرچاو خانەنشین بوون بۆیە بەراستی  بە وردی ناتوانم بڵێم بە ئامار چەند سەرپەرشتیار هەیە لە پڕۆسەی پەروەردەدا.

نوجەنێت: بە چ میکانزمێک  چاودێریی مامۆستایان دەکرێت؟

عەبدولواحید محەمەد: کۆمەڵێک رێنماییە لە ئێستاشدا سیستەمی چاودرێری نەماوە خۆی هەر ناوەکەی هاوڕێی رەخنەگرە دەبێت سەرپەرشتیار هاوڕێ و تەواوکەری مامۆستا بێت بەم شێوازەیە ئێستا لە هەموو بابەتەکان لە چواچێوەی رێنمایی کردن و لە چواچێوەی پڕۆسەی چاودێری کردن بێت وەک لە رابردوودا هەبوو پڕۆسەی چاودێری کردن ئێستا بەو شێوە نییە، ئەمەش جۆرێک لە خاوی لە پڕۆسەکەدا دروست بووە، دەبێت ئەرکی سەرپەرشتیار دیاری بکرێت هەموو مامۆستایان  ئاگاداربن دواجاریش  مامۆستا و سەرپەرشتیاران تەواوکەری یەکترن لە پڕۆسەی پەروەردەدا کەسێکیان لە کەسێکی تریان زیاتر نییە هەموومان بەیەکەوە دەبێت پرۆسەی پەروەردەدا تەواوکەرى یەکتر بن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین