وەزارەتى ئەوقاف بە نۆ مەرج ڕێگە بە دانانەوەى پرسە لە مزگەوتەکان دەدات کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان جارێکى تر ڕێگە بە دانانى پرسە دەدات، بەڵام نابێ ماوەکەى پرسەکە لە یەک ڕۆژ زیاتر بێت ئەویش لە دواى نوێژى نیوەڕۆوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (25/كانوونى دووەم/2022)، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکى نۆ خاڵى بڵاوکردەوە، سەبارەت بە مۆڵەتدان بە دانانەوەى پرسە.

لە ڕاگەیێندراوەکەى وەزارەتى ئەوقاف دا هاتووە، "تەنیا لەو مزگەوتانەی هۆڵی بۆنە ئایینییەکانیان هەیە رێوڕەسمی پرسە بەڕێوەدەچێت."

دەشڵێت، "پرسە بۆ ماوەی تەنیا (1) رۆژ دەبێت، ئەویش لە دوای نوێژی نیوەڕۆوە."

دەقى مەرجەکانى وەزارەتى ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دانانەوى پرسە لە هۆڵى مزگەوتەکان لە هەرێمى کوردستان:

یەکەم: پرسە بۆ ماوەی تەنیا 1 رۆژ دەبێت، ئەویش لە دوای نوێژی نیوەڕۆوە.

دووەم: تەنیا لەو مزگەوتانەی هۆڵی بۆنە ئایینییەکانیان هەیە رێوڕەسمی پرسە بەڕێوەدەچێت.

سێیەم: لە کاتی بەڕێوەچوونی پرسە جگە لە خوێندنی قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەک گوتار پێشکێش ناکرێت.

چوارەم: دەنگی بڵندگۆ لەنێو هۆڵی پرسە بەرز نەبێت کە ببێتە مایەی بێزاربوونی پرسەوانان.

پێنجەم: بۆ ئەو شوێنانەی قورئان خوێن قورئانی تێدا دەخوێنرێت تەنیا لەنێوان 50 بۆ 75 هەزار دەبێت بە کرێی ئامێری دەنگییەوە.

شەشەم: پێویستە لە پرسەدا رێنماییە تەندروستییەکان و بەستنی ماسک جێبەجێ بکرێت.

حەوتەم: لەو مزگەوتانەی هۆڵی پرسەی ئافرەتانی تێدایە هەمان قورئانخوێن کە بۆ پیاوان دانراوە دەنگی دەگوازرێتەوە بۆ پرسەی ئافرەتان.

هەشتەم: بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوی نەخوازراو دەکرێت لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسە ئاراستەی پرسەوانان بکرێت.

نۆیەم: بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و قەزا و تێبینەرایەتییەکان بەرپرسن لەو خاڵانەی باسمانکرد. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین