راگه‌يێندراوى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ى نه‌جه‌ف کوردستانی

نوچه‌نێت

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى نه‌جه‌ف كه‌ به‌ به‌شداربوونى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا هاتووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تێك كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بتوانێت رووبه‌ڕووى كێشه‌ و ته‌حه‌دییه‌كان ببێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ى كانوونى دووه‌مى 2022 له‌ نه‌جه‌ف كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو به‌ به‌شداربوونى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى پارتى، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یێندراوێكى له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/1/31 به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، شاندێكى باڵاى سیاسى كه‌ له‌ به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى پارتى، محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق و خه‌میس ئه‌لخه‌نجه‌ر سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى ئه‌لسیاده پێكهاتبوو‌، سه‌ردانى نه‌جه‌فیان كرد و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌ید موقته‌دا ئه‌لسه‌در، ڕێبه‌رى ڕه‌وتى سه‌در كۆبوونه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌كه‌دا دۆخى سیاسیى وڵات و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى داهاتووى پرۆسه‌ى سیاسى و كێشه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌مى تاوتوێ كران و بیروڕایان ده‌باره‌ى ته‌حه‌دییه‌كان و قۆناغه‌كانى داهاتوو گۆڕییه‌وه‌.
هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گرنگى و پێویستیى به‌رده‌وامیى دیالۆگى نێوان لایه‌نه‌كان و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسى له‌ وڵات و هاتنه‌كایه‌ى حكوومه‌تێك كه‌ ‌بتوانێت ڕووبه‌ڕووى كێشه‌ و ته‌حه‌دییه‌كان ببێته‌وه‌ و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكارییه‌كانى هاووڵاتیان له‌ خزمه‌تگوزارى و ژیانێكى باشتر بێت، كرده‌وه‌.
دواى كۆبوونه‌كه‌ به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى، محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى و خه‌میس ئه‌لخه‌نجه‌ر مه‌زارگه‌ى ئیمامى عه‌لییان له‌ نه‌جه‌ف به‌سه‌ركرده‌وه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین