به‌رپرسێكى باڵاى عه‌ره‌بى ستایشى هۆشیار زێبارى ده‌كات کوردستانی

نوچه‌نێت

عه‌مر موسا ئه‌میندارى گشتى پێشووى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى ستایشى هۆشیار زێبارى كاندیدى پارتى بۆ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار ده‌كات و ده‌ڵێ، "كه‌سایه‌تیه‌كى كاریگه‌رى كورده‌".

ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دووى شوباتى 2022 بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، عه‌مر موسا ئه‌میندارى گشتى پێشووى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى و وه‌زیرى پێشووترى ده‌ره‌وه‌ى میسڕ، له‌ دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى ستایشى هۆشیارى زێبارى كردووه‌.

موسا گوتوویه‌تى، "هۆشیارى زێبارى كه‌سایه‌تیه‌كى كاریگه‌رى كوردى عێراقه‌، مامه‌ڵه‌یه‌كى زۆر به‌ڕێزى له‌گه‌ڵ بارودۆخى عه‌ره‌بى كردووه‌" مه‌به‌ستى ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ هۆشیار زێبارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بوو. 

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ئه‌میندارى پێشووى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌ڵێ، "زێبارى له‌ یه‌كه‌م نوێنه‌رایه‌تى عێراق دواى داگیركردنى عێراق، توانى به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى دانایه‌ عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه‌ نێو گۆڕه‌پانى عه‌ره‌بى، بێئه‌وه‌ى هیچ شڵه‌ژانێك له‌نێوان وڵاته‌كه‌ى و دراوسێكانى رووبدات".

دوێنێ موحسین سه‌عدون ئه‌ندامى شاندى دانوستاندكارى پارتى له‌ به‌غدا له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى پارتى دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن هۆشیار زێبارى ببێته‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراق.

حه‌وتى ئه‌م مانگه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق هه‌ڵبژاردنى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار ده‌كرێت و 25 كاندید له‌ پێشبڕكێیه‌كه‌ به‌شدارن، هۆشیارى زێبارى كاندیدى پارتیه‌ و به‌رهه‌م ساڵحیش كاندیدى یه‌كێتیه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین