وەزارەتى کارەبا: لە مانگی  ئادار (40) ئەمپێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتى کارەباى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت کەرتى کارەبا لە هەرێمى کوردستان چەند بڕیارێک دەردەکات و گۆڕانکارى لە هەندێ پۆستى ئیداریش دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (8/شوبات/2022)، وەزارەتى کارەبا لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا بۆ تاووتوێکردن و خستنەڕووی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی کارەبا و پرۆژە و پلانەکانی وەزارەت بەڕێوەچوو."

وەزارەتى کارەبا لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، "لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، (40) ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە."

 

دەقى بڕیارەکانى وەزارەتى کارەبا: حکوومەتى هەرێمى کوردستان:

- گۆڕانکاریی لە هەندێ پۆست و بەرپرسیارێتی کران.

- بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی نوێی سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە دەبەسترێنەوە.

- لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، (40) ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە.

- کار بە سیستەمی ئەلکترۆنی و ماڵپەڕی پسولە (pswla.com) دەکرێت و لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێت.

- پێویستە تەواوی هاوبەشانی کارەبا، پێوەری زیرەکیان هەبێت. لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک (1,480,000) هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا بۆ (1,800,000) هاوبەش بەرزبووەتەوە.

- بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران. بۆ ئەم مەبەستە سیستەمی پێوەری زیرەک، سەرجەم سەرپێچیەکانی دیاری کردووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین