هەر کرێکارێک موچەکەی لە 350هەزار کەمتربوو پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە بکات کوردستانی

سیهام میران-نوچەنێت

بە پێی نوسراوی ژمارە (1640)لە (31/کانونی دووەم/2022)ی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا كەمترین موچەی مانگانەی كرێكاران لە كەرتی تایبەت لە (350,000)سێ سەدو پەنچا هەزار دینار كەمتر نەبێت. بۆیە هەر كرێكارێكی ئاسایی ئەگەر موچەكەی لەو بڕە پارەیە كەمتر بێت، پێویستە خاوەن كارەكەی لە مانگی شوباتی (2022)دا بۆی بەرز بكاتەوە نابێت موچەی هیچ كرێكارێكی كەرتی تایبەت، كە لەم رێژەیەی کە پەسەند كراوە كەمتربێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە( 9/شوبات/2022 ) ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکدا بە نوچەنێتی راگەیاند: ئەم بڕیارە فەرمانی وەزاریە و دەسەڵاتی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتییە هەموو دوو ساڵ جارێك دەتوانێت پێداچوونەوە بەسەر کرێی کرێکاران و کرێکاری نا کارامە بە تایبەتی بکات. لەدوای ئەوەی کە بە لیژنەیەك پێداچوونەوەیان کرد ئێستا بڕیار دراوە بە بڕیاری وەزاری کە هەموو کرێکارێکی کارامە لە 350 هەزار کەمتری نەبێت.

سەبارەت بەو کرێکارانەی کە ناویان لە سەندیکای کرێکاران تۆمارنەکراوە، وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا گوتی"راستە زۆربەی کرێکاران لە سەندیکا ناویان نییە بەڵام ئێمە نوسیومانە ناکارامە، ئێمە باسی ئەو کرێکارانە دەکەین کە لە مارکێتەکان کار دەکەن یاخود لە شوێنێك کارگوزارە یاخود ئاسایشی شوێنەکەیە، ئەوە پێشووتر لە 285 هەزار زیاتری نەبوو ئێمە ئەو بڕە پارەیەمان بەرز کردووەتەوە بۆ 350  هەزار. راستە بڕە پارەکە کەمە بەڵام دەسەڵاتی ئێمە نییە، پێشتر  کرێکار رازیبووە بەو پارەیە کار بکات".

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا بە چ میکانیزمێک چاودێری جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە وەزارییە دەکەن، ئاریان ئەحمەد گوتی" ئێمە لەوەدا کێشەیەکمان هەیە ئەویش ئەوەیە کە هەندێجار خودی کرێکارەکان راستی بە لیژنە ناڵێن بۆ نمونە: کرێکار و خاوەن کار رێكکەوتوون کە کرێکارەکە 250 وەردەگرێت خاوەن کار دەڵێت: ئەگەر لیژنەکان هاتن بڵێ 350 وەردەگرین. ئەوەش کێشەیان بۆخۆیان دروستکردووە نەك بۆ ئێمە، لەسەر ئەو کێشەیەش هێڵی گەرم هەیە، هەرکرێکارێك دەزانێت خاوەن ئیشەکەی زوڵمی لێدەکات با پەیوەندی بکات بۆ ئەوەی مافەکانی بۆ بگەڕێنینەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین