دەیان سەگ بێگیان بوون و هۆکارەکەشی ئاشکرا نەکراوە کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

رۆژی رابردوو، دەیان سەگ لەنێو شەڵتەری ئاژەڵانی بێلانە لە سلێمانی، بێگیان بوون و تاوەکو ئێستاش هۆکارەکەی بە فەرمی ئاشکرا نەکراوە. ئاژەڵ دۆستان دەڵێن: چاوەڕوانی پشکنینی ڤێتێرنەری و هۆکاری گیان لە دەستدانیانین بە پێچەوانەوە هەڵوێستی توندمان دەبێت.

ئەمڕۆ( شەممە 12/ شوبات/ 2022)  لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند: زۆر بەداخەوە و زۆر دڵگرانین بەو کارەساتەی دوێنێ شەو لە شەڵتەری ئاژەڵانی بێلانە روویدا و کۆمەڵێک ئاژەڵ لەناوچوون، ئێمە وەک سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بڕیارماندا بە راگرتنی کاری کۆکردنەوە و وەرگرتنی ئاژەڵانی بێلانە.

توانا ئەمین، سەرۆکى کەمپەینی پاراستنى سەگەکانی شەڵتەرەکەی سلێمانییە دەڵێت " لاشەی 80 سەگی شەڵتەرەکەمان بینی، دڵتەنگ و توڕەین، تاوەکو دەرکەوتنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەکان دەوەستین و دواتر هەڵوێستی توندی خۆمان دەبێت."

 سەرۆکى کەمپەینی پاراستنى سەگەکان گوتی "ئەم شەڵتەرە وێرانەیە، یەک حەب، یەک مەقەست، یەک دەرمانى لێ نییە، بەشێک لە سەگەکان توشى نەخۆشى و گەڕى هاتوون، ئەم کەمپەینەمان بۆ ئەوەیە لێرە ژوورێکى پزیشکى و داودەرمانیان بۆ دروستبکەین."

 سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێمە چەند کاتژمێرێکی کەم بەر لەو رووداوە و لە رۆژی پێنجشەممە 10-2-2022 دەستبەکار بووین، لەھەمان رۆژدا داوامان لە بەرپرسی شەڵتەرەکە کرد راپۆرتێکی کورت و پوختمان بۆ ئامادە بکات و پێشنیاز و داواکاریی پێداویستی و کەموکوڕییەکانی شەڵتەرەکەمان بۆ بکاتە پاکێجێک بۆ ئەوەی ئێمەش لای خۆمانەوە ھەرچیمان پێ بکرێت جێبەجێی بکەین.

لەبارەی گیان لەدەستدانی سەگەکانیشەوە  لەیلا عومەر دەڵێت "ھەر ئەمڕۆ نوێنەر و بەرپرسی پەیوەندیدارمان راسپاردووە بەدواداچوونی پێویست بکات و چەند سامپڵ و نمونەیەک بنێردرێت بۆ پشکنین بۆ ڤێتەرنەری و تاقیگەی تایبەتمەند، بۆ ئەوەی ھۆکارەکانی ئەو کارەساتە دیاریی بکەین".

 شەڵتەرەکەی سلێمانی، نزیکەی 500 سەگى تێدا کۆکراوەتەوە، رۆژانەش تیمێکى شارەوانی 20 تاوەکو 40 سەگ لە کۆڵانەکاندا دەگرن و دەیانبەنە ئەوێ. چالاکوانان و ئاژەڵدۆستان داوای هاریکاریی و دابینکردنى چارەسەر، دەرمان و پێداویستی پزیشکى بۆ سەگە بێلانەکانی شەڵتەرەکە دەکەن.

بە پێی قسەی ئاژەڵدۆستانی سلێمانی، گرفتى گەورەى ئەو سەگانە نەبوونی جێگەی مانەوەیە بۆ پاراستنیان لە سەرما و گەرما، چونکە بەجۆرێک دروستکراوە زیاتر لە پەرژین و زەوییەکى جیاکراوە دەچێت، هەر بۆیە بڵاوبوونەوەى نەخۆشیی لە سەگێک ئەگەری تووشبوونى سەتانى دیکەشى هەیە. 

شارەوانیی سلێمانى سەرپەرشتیی ئەو پرۆژەیە دەکات، ئەوەش لەڕێگەى تیمێکى 30 کەسی لە پاسەوان، کارگوزار، شۆفێر و تیمى سەگ کۆکردنەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین