هەر چوار سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستان: بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵیى عێراق پێچه‌وانه‌ى بنه‌ما ڕاسته‌قینه‌كانى سیستەمى فیدرالییه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

ئەمڕۆ بەسەرپەرشتى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى هەر چوار سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستان لەسەر بڕیارەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق بەرامبەر هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، دواى کۆبوونەوەکە هەر چوار سەرۆکایەتییەکە ڕاگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (28/شوبات/2022)، لە ڕاگەیێندراوەکەى هەر چوار سەرۆکایەتییەکەدا هاتووە، "هه‌رێمى كوردستان پێى وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ جگه‌ له‌وه‌ى بنكۆڵكردنى ده‌ستوور و سیستمى فیدرالییه، له‌ هه‌مان كاتدا پێشى وایه‌ مه‌رامى تایبه‌تى له‌ پشته‌ و بێلایه‌ن نییه‌."

دەقى ڕاگه‌یه‌نراوى كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌رچوار سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28/2/2022 به‌ سه‌رپه‌رشتیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌رچوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كان، سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، په‌رله‌مانى كوردستان، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌كه‌دا بڕیارى دادگاى فیدرالی عیراق له‌ ڕێکەوتی 15/2/2022 ده‌رباره‌ى یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ جەخت دەکاتەوە كه‌ بڕیارەکه‌ى دادگاى باڵاى فیدرالى قبووڵكراو نییه‌ و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پیاده‌كردنى مافە دەستوورییەکانی و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست له‌ ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌ڵناگرێت و هه‌موو ڕێگه‌یه‌كى یاسایى و ده‌ستوورى ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت، لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە‌:

1- بڕیارى دادگاى باڵاى فیدرالى پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گیان و بنه‌ما ڕاسته‌قینه‌كانى سیستەمى فیدرالییه‌ و پێشێلكردنێكى زه‌ق و ئاشكراى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌.

2- بریاره‌كه‌ى دادگا به ‌شێوه‌یه‌كى ناڕاسته‌وخۆ هه‌مواركردنێكى ناده‌ستووریى ده‌ستووره‌، چونكه‌ بووه‌ته‌ هۆى لێسه‌ندنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى ده‌ستووریى هه‌رێمه‌كان و به‌خشینى به‌ ده‌سه‌ڵاتى فیدرالى كه‌ ئه‌مه‌ش ناته‌بایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى دادگاى فیدرالى و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ له‌ سیستەمى فیدرالى.

3- دادگا له‌ بڕیاره‌كه‌یدا پشتى به‌ یاساكانى ساڵانى 1976 و 1985ى عیراق به‌ستووه‌ كه‌ یاساى ناوه‌ندین و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى ده‌ستوورى ساڵى 2005ى عێراقى تازه‌دا‌ ناكۆكه‌ كه‌ سیستمى حوكمى له‌ عیراق له‌ ناوه‌ندییه‌وه‌ بۆ سیستەمێكى فیدرالى گۆڕیوه‌ و به‌ ڕوونى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم و پارێزگا‌كان و دەسەڵاتی فیدراڵى دابەش کردووە.

4- هه‌رێمى كوردستان پێى وایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ جگه‌ له‌وه‌ى بنكۆڵكردنى ده‌ستوور و سیستمى فیدرالییه، له‌ هه‌مان كاتدا پێشى وایه‌ مه‌رامى تایبه‌تى له‌ پشته‌ و بێلایه‌ن نییه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌‌ عیراق به‌ دۆخێكى زۆر هه‌ستیار و ئاڵۆزى سیاسیدا تێده‌په‌ڕێت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خه‌ریكى گفتوگۆن بۆ لێكگه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌ چه‌قبه‌ستوویى و بنبه‌ستى سیاسى، ئه‌م بڕیاره‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات.

5- دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پاڵپشت به‌ یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان و ده‌قى مادده‌ى (112)ى ده‌ستوورى عیراق ئه‌نجام دراون، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا دەسەڵاتە فیدرالییەکان دواى تێپه‌ڕبوونى (17) ساڵ نه‌یانتوانی ئه‌ركى یاساییى خۆیان جێبه‌جێ بکەن به‌ دانانى یاسایه‌ك بۆ نه‌وت گاز له‌ عیراق، وێڕاى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2007 و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى حكوومه‌تى ئه‌وكاتى فیدرال له‌و ڕه‌شنووسه‌ هاوبه‌شه‌ى یاساى نه‌وت و گاز كه‌ ڕێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرابوو.

6- بە گرنگی دەزانین دادگای باڵاى فیدرالى به‌ یاسایه‌كى نوێ و بەپێی حوكمه‌كانى ماددەی (٩٢)ى دەستوور پێک بێت و ئەرکه‌كانى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکات، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییانه‌ش به‌پێى ده‌ستوور یاسایان بۆ ده‌ربچێت و پێكبێن كه‌ زامنى به‌رجه‌سته‌كردنى سیستمى فیدرالین.

له‌‌م پێناوه‌دا سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی ھەرێمى كوردستان و عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ گرتنەبەری ھەر ڕێکارێک بۆ پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمى كوردستان. ھەروەھا په‌رله‌مانى كوردستان ڕێكارى یاسایی و دستووریی پێویست ده‌گرێته‌ به‌ر و ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان لە پێگە دەستوورییەکەی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ ناوەندە دادوەرییەکانی عێراقدا بۆ داکۆکیکردن لەسەر دەستووریبوونی مافەکانی ھەرێمی کوردستان.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانه‌ و بەردەوام دەبێت له‌ گفتوگۆى بنیاتنه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى، دۆستانى عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش پشتگیرى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌كه‌ن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین