سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: به‌ بڕوا و گه‌شبینییه‌وه‌ بۆ داهاتوویه‌كى باشتر ده‌ڕوانین کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ساڵیادى راپەڕینى ئازارى (1991) دەڵێت، "ڕاپەڕین دەروازەی واڵای گەلی کوردستان بوو بۆ قۆناغی نوێی خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کە پاش ئازادیی عیراق لە دەستووردا جێگیر کران."

ئەمڕۆ شەممە (5/ئادار/2022)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پەیامێک لە ساڵیادى راپەڕینەکەى (1991) بڵاودەکاتەوە و تێیدا دەڵێت، "پاراستنی ئازادى و ده‌سكه‌وته‌كانى ڕاپه‌ڕین و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شى هەموو کوردستانییانە."

 

دەقى پەیامەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

یادى 31 ساڵه‌ى ڕاپەڕینى شكۆدارى ئازاری 1991، به‌ گەرمى لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هه‌موو کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان پیرۆز دەکەم.

ڕاپەڕین دەربڕی خواست و باوەڕ و ئیرادەی پته‌وى گەلی کوردستان بوو له‌پێناو ژیان و داهاتوویه‌كى باشترى ئازاد و سەرفراز و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداریدا. بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و گه‌ل و جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ڕیو و یه‌كڕیزیى لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بوو.

ڕاپەڕین دەروازەی واڵای گەلی کوردستان بوو بۆ قۆناغی نوێی خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کە پاش ئازادیی عیراق لە دەستووردا جێگیر کران، لە نێوخۆ و دنیای دەرەوەشدا بە فەرمی ناسران و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

له‌م یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پاراستنی ئازادى و ده‌سكه‌وته‌كانى ڕاپه‌ڕین و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شى هەموو کوردستانییانە و وەفادارییە بۆ گیانی پاکی شەهیدان و هەموو قوربانیانی ڕێگای ئازادى.

با ئه‌م یاده‌ هانده‌رمان بێت بۆ پته‌وكردنى زیاترى گیانى ته‌بایى، پێكه‌وه‌یى، یه‌كڕیزى و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى و كاركردن له‌پێناو ئه‌و ئامانجانه‌دا كه‌ شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕین و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان گیانیان له‌سه‌ر دانا.

وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پابه‌ندیمان به‌ ئامانجه‌كانى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، به‌ هیوا و ئومێد، به‌ بڕوا و گه‌شبینییه‌وه‌ بۆ داهاتوویه‌كى باشتر ده‌ڕوانین و به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕین و ته‌واوى شه‌هیدانى کوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین