حكومه‌تى هه‌رێم داواى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات کوردستانی

نوچه‌نێت

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ یاوه‌رى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، شوێنى بۆردومانه‌كه‌ى ئێرانیان له‌ هه‌ولێر به‌سه‌ر كرده‌وه‌، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى كرد بۆ ئه‌وه‌ى راستییه‌كانى هێرشه‌كه‌ى ئێران ئاشكرا بكرێن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ى ئادارى 2022 مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى شاندێكى ئه‌منى سه‌ردانى هه‌ولێرى كرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێى هێرشه‌كه‌ى سوپاى پاسداران بۆ سه‌ر هه‌ولێر بكات و دواتریش ئه‌و شوێنانه‌ به‌سه‌ر بكاته‌وه‌ كه‌ بۆردومان كراون.

ماڵپه‌ڕى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یێندراێوكى بڵاوكردووه‌توه‌ و تێیدا هاتووه‌ كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى كردووه‌ و گوتوویه‌تى،  "نە عێراق و نە هەرێمی کوردستان، بەشێک نین لەو ململانێیە نێودەوڵەتییە، هەر بۆیە داوامان کردووە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت، تا بێن ئەم شوێنە ببینن و ڕاستییەکان بزانن، بۆ ئەوەی بۆ هەموو دنیا و خەڵکی عێراق و ئێران و هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئاشکرا ببێت، کە ئەمە شوێنێکی مەدەنییە و بە هیچ شێوەیەک ئەو تۆمەت و بوختانانەی دەدرێتە پاڵ هەرێمی کوردستان کە گوایە شوێنێکی عەسکەری بووە و بۆ وڵاتێکی تر بەکار هاتووە، هیچ بنەمایەکی نییە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک بەشێك نین لەو ململانێیە، کە بەداخەوە ئێمەیان تێوەگلاندووە، هەر بۆیە پێکهێنانی لیژنە بۆ ئەم مەبەستە، زۆر زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بۆ خەڵک و بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشکرا بکرێن".

به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوه‌كه‌، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش جەختی لەوە کردەوە کە هاتنی ئەو بۆ هەولێر پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە کە بەغدا هەموو کات پشتیوانی هەولێرە، هەروەک چۆن هەولێر پشتیوانی بەغدایە، هەروەها گوتیشی “ داوامان لە وڵاتی ئێرانی دراوسێمان کردووە کە بەڵگەکانی سەبارەت بەهۆکاری ئەم هێرشە پێشکەش بکات و هیوادارم ئەو بەڵگانە لەسەر بنەمای گومان نەبێت".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین