گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف: تا ژمارەی عیراق دیاری نەکرێت نازانین چەند بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت کوردستانی

نوچەنێت-تایبەت

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ژمارەو مەرجی سەردانیکارانی مەککەی بۆ وەزری حەجی ئەمساڵ راگەیاند، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: تا ژمارەی حاجیان بۆ عیراق دیارینەکرێت ئەو ژمارەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت نازانین.

ئەمڕۆ شەممە(9/ئازار/2022) نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو ژمارەی حاجیان کە لە وەرزی حەجدا بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نوچەنێتی راگەیاند: راستە وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ژمارەو مەرجەکانی بۆ حاجیانی ئەمساڵ راگەیاند، بەڵام تا نەزانین لەو ژمارەیە چەند بەر عیراق دەکەوێت و وەزارەتی ئەوقافی عیراقیش چەند بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکات، نازانین چەند حاجی لە هەرێمی کوردستان دەتوانن حەج بکەن.

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، لە راگەیێندراوێکدا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا دەتوانن سەردانی مەککە بکەن،  رایگەیاند: لە ئەمساڵدا یەک ملیۆن حاجی لە دەرەوەو ناوەوەی سعودیە دەتوانن سەردانی مەککەی شەریف بکەن، بە پێی ئەم ژمارەیە هەر وڵاتی رێژەیەکی بەردەکەوێت.

لە مەرجەکانی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیەدا هاتووە: پێویستە ئەوکەسەی کە سەردانی مەککەی شەریف دەکات تەمەنی لە 65ساڵ زیاتر نەبێت.

 لە بارەی مەرجە تەندروستییەکان لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: پێویستە ئەو کەسانە ، دوو ژەم ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت و 72 کاتژمێر بەر لە سەفەر کردن پشکنینی کۆرۆنایان ئەنجام دابێت و هەڵگری ڤایرۆسەکە نەبن، هەروەها بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی حاجیان رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین