ئەنجوومەنى وەزیران سەردانى شاندى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا تاوتوێ دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەى هەفتانەیدا گفتوگۆ لەبارەى سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا دەکات و سێ تەوەرى دیکەش دەخرێتەڕوو.

ئەمڕۆ (13/نیسان/2022) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی, جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات.

بەپێى ڕاگەیێندراوى فەرمانگەى میدیا و زانیارییەکان، یەکێک لە تەوەرەى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیران، "گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردن لەناو حکومەتی هەرێم، بە ئاراستەی برەودان بە لە ئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی و باشتر راییکردنی کارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت."

هەورەها "پوختەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ دەخرێتەڕوو" تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە دەبێت.

فەرمانگەى میدیا و زانیاریی لە ئاماژەى بەوەشکردووە، "لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە رەشنووسی (پەیڕەوی ناوخۆی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان – عێراق) و رەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان دەخرێنەڕوو، بۆ دەنگدان لەسەریان."

ئەوەش هاتووە، "بڕگەی کۆتاییش پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت تایبەت بە هەڵگرتنی رەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی رەمەزانی پیرۆز، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم دەخرێتەڕوو."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین