جێگرى یاریده‌ده‌رى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا سوپاسى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ جێگرى یاریدەدەرى وەزرى دەرەوەى ئەمەریکا، "دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عیراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، مه‌ترسییه‌كانى داعش، دۆخى ناوچه‌ى شه‌نگال و بارى ئابوورى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران."

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (13/نیسان/2022) نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مه‌ریكى به‌ سه‌رۆكایه‌تیى جۆوى هوود جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا كرد.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە بارەى ناڕۆکى کۆبوونەوەکەدا، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق و ده‌رچوونى له‌ دۆخى چه‌قبه‌ستوویى و پێكهێنانى حكوومه‌تێك كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكارى و خواسته‌كانى هاووڵاتیان و ته‌واوى پێكهاته‌كانى وڵات بێت، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گرنگیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كرده‌وه‌."

جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا، "سوپاسى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ په‌یوه‌ندى و ئه‌و هاریكارییه‌ى له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یبووه‌ و جه‌ختى له‌ په‌یوه‌ندیى به‌هێز و به‌رده‌وامیى دۆستایه‌تى و هاوبه‌شى و پشتیوانیى ئه‌مه‌ریكا بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌."

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، کە‌ ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكار و به‌رپرسان له‌ كونسولخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، پرسه‌كانى ئازادى ڕاده‌برین، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ریى یاسا، پێشهاته‌كان له‌ ئۆكراینا و دۆخى ئه‌فغانستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى خرایه‌ به‌ر باس.

له‌ بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ به‌ڕێز جۆوى هوود خواست كه‌‌ بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیك و له‌ پۆستێكى تازه‌ى دیپلۆماسیدا، ده‌ستبه‌كار بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین