گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە: سکاڵا لەسەر NRT تۆمار دەکەم کوردستانی

نوچەنێت

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، لە رونکردنەوەیەکدا و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: کەناڵی NRT دەیانەوێ ناوی ئێمە بزڕێنن و بە مافی خۆمی دەزانم سکاڵای یاساییان لەسەر تۆماربکەم.

 ئەمڕۆ هەینی( 15/نیسان/2022) سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا دەڵێت: کەناڵی (NRT) لە پەیجی فەرمی خۆی له‌ فه‌یسبوک، بابەتێکی دوور لە ئیتیکی رۆژنامەوانی لەسەر ئێمە بڵاو کردۆتەوە لەژێر ناونیشانی( سامان سیوەیلی بەو مەرجە کراوەتە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە کە وتە نەبێژێت و قسە نەکات بۆ میدیاکان) دیارە ئەم کەناڵە یان بێ ئاگایە لە کار و چالاکییەکانی ئێمە، یان ئاگادارە و مەبەست لەم چەواشەکارییەی ناوزڕاندنی ئێمەیە.

ده‌قى ڕوونکردنه‌وه‌که‌:

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٤ ی ٤ ی ٢٠٢٢، کەناڵی (NRT) لە پەیجی فەرمی خۆیدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، بابەتێکی دوور لە ئیتیکی رۆژنامەوانی لەسەر ئێمە بڵاوکردۆتەوە لەژێر ناونیشانی “ سامان سیوەیلی بەو مەرجە کراوەتە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە کە وتە نەبێژێت و قسە نەکات بۆ میدیاکان “ ، دیارە ئەم کەناڵە یان بێ ئاگایە لە کار و چالاکییەکانی ئێمە، یان ئاگادارە و مەبەست لەم چەواشەکارییەی ناوزڕاندنی ئێمەیە، بۆیە لە وەڵامی ئەوان و ئەوانەی بێ ئاگا دوای قەرەباڵغی پاش بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە کەوتوون، ئەم خاڵانە دەخەمە ڕوو:

١- هەموو لایەک ئاگادارن بەندە لە کابینەی هەشتەوە وتەبیژی فەرمی وەزارەتی پەروەردەم و ئێستاش وەک وتەبیژ بەردەوامم وەک ئەرکێکی سەربار بۆ ئەرکی فەرمی خۆم لە وەزارەتی پەروەردە کە بەڕێوەبەری نوسینگەی بەڕێز وەزیری پەروەردەم.

٢- ئەرکی وتەبێژی پۆست نییە و ھیچ ئیمتیازێکی نییە، تەنھا ئەرکێکی سەرباری خۆبەخشانەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەستبەکاربوونمەوە لەو ئەرکە تائێستا دەیان جار لێدوانم بۆ دەزگا میدیاییەکان داوە و چەندین جار بەشداری بەرنامەکانی کەناڵە میدییاییەکانم کردووە بە کەناڵی (NRT)یشەوە، لە ھەر کاتێکدا پێویست بووبێت پەیامەکانی وەزارەتەکەمم بە ڕۆژنامەنووسان گەیاندووە و بەردەوامیش ئامادەییم ھەیە.

٣- کەناڵی ناوبراو ئەگەر تەنھا لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بە کلیکێک بەدواداچوونیان بکردایە دەیان لێدوانی ئێمە و ڤیدیۆی بەرنامەکانیان بەرچاو دەکەوت، بەڵام دیارە ئامانجیان لێدان بووە لە کەسایەتی ئێمە.

٤- لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمەوە وەزارەتی پەروەردە خاوەنی سێ کەناڵی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیەکی پەروەردەییە، جیا لە پەیجی فەرمی وەزارەت لە فەیسبوک و چەناڵە فەرمییەکانی وەزارەت لە ڤایبەر و تیلیگرام، کە هەموو پەیامەکانی وەزارەت بەدروستی و فەرمی دەگات، لەھەر کاتێکیشدا پێویست بکات ئێمە ھەموو کات ئامادەبووین و ئامادەین لێدوانی فەرمی بدەین.

٥- بەمافی خۆمی دەزانم سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵی ناوبراو لە دادگا تۆمار بکەم.

سامان سیوەیلی

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە

١٥ ی ٤ ی ٢٠٢٢

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین