وەزارەتى شەهیدان: دەبێ حکوومەتى عێراقى بە ئەرکى یاسایى هەستێت بۆ قەرەبووکردنەوەى کەسوکارى ئەنفال کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵیادى کیمیابارانکردنى بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵى خۆشناوەتى ڕایدەگەیێنێت، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەى حکومەتى عێراق بە ئەرکى یاسایى خۆى هەڵسێت بەرامبەر کەسوکارى ئەنفال.

بەبۆنەى (35) مین ساڵیادى کیمیابارانکردنى بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵى خۆشناوەتى، وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە تیێدا هاتووە، "لە 16 ی نیسانی ساڵی 1987 دا رژێمى بەعسى ڕووخاو تاوانێکى ترى خستە سەر زنجیرە تاوانەکانی خۆی کە لە چوارچێوەى کۆمەڵکوژى و لە ناوبردنى گەلى کوردستان جێبەجێی دەکرد، لەو ڕۆژەدا رژێمى لە ناوچوو بەچەکى کیمیاوی قەدەغەکراوى نێو دەوڵەتی گوندى شێخ وەسانان و بالیسان و گوندەکانى دۆڵى خۆشناوەتى چەند جارێک بۆمباران کرد و لە ئەنجامدا چەندین شەهید و بریندارى لێکەوتەوە ،کە هەر ئەوکات ژمارەیەک لە بریندارەکان دوور لە هەموو بەها مرۆییەکان لەلایەن رژێمی بەعسەوە زیندە بەچاڵکران کە لە دواى ڕاپەرین و ئازادکردنى هەرێمى کوردستان رووفاتى ژمارەیەک لەو شەهیدانە لە گۆڕێکى بەکۆمەڵدا لە کارگەى قیرى هەولێر دۆزرانەوە و گەڕێندرانەوە زێدى باوک و باپیرانیان و بە ڕێز و شکۆ وە بەخاک سپێردرانەوە."

وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکەى دەڵێت، "خەڵکى تێکۆشەری بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتى، هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتى شۆڕشەکانى گەلى کوردستان بوون و لەمێژووى کوردایەتیدا لاپەرەى ڕەنگینتان بەخوێن نەخشاندوە و بەرگرى و خۆڕاگریتان لەبەرانبەر مەترسیدارترین چەکى کۆکوژى کیمیاوى شکستى بە پلان و پیلانى دوژمنان هێنا و ئێوەش سەربەرزانە لە سەر خاکەکەى خۆتان مانەوە."

ئەوەش هاتووە، "لەکاتێکدا بەردەوامین لە خزمەتى زیاترى کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانى چەکى کیمیاوى و تاقانەکانى جینۆساید لەو سنوورە و هەموو کوردستان، لەهەمانکاتدا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەچوارچێوەی ماددەی ۱۳۲ ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا به ئەرکی یاسایی و دەستووری خۆی هەستێ بۆ بە دیهێنانی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین