سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵای دیپلۆماسى و سەربازیى ئه‌مه‌ریكى كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ ده‌ینا ستروول جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست کۆبوونەوە و هەردوولا لە برەودان بە پەیوەندییەکانى ئەمەریکا و هەرێمى کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (27/نیسان/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى دیپلۆماسى و سه‌ربازیى ئه‌مه‌ریكى به‌ سه‌رۆكایه‌تیى خاتوو ده‌ینا ستروول جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كرد كه‌ له‌ ماتیو توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق، ماتیو ترۆلینگه‌ر جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى سیاسى و سه‌ربازى پێکهاتبوون.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستا لە ڕاگەیێندراویکدا دەڵێت، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ستروول جه‌ختى له‌ ڕوانگه‌ و سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریكا‌ كرده‌وه‌ كه‌ پابه‌نده‌ به‌ به‌رده‌وامیى پشتگیریى سیاسى و سه‌ربازى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به‌ كارى پێكه‌وه‌یى و هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان، هه‌روه‌ها پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵ و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا ده‌ربڕى."

هەر کۆبوونەوەکەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، "سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا، دووپات كرده‌وه‌."

سەبارەت بە پرۆسەى سیاسى عێراق و هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکوومەت، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگى و پێویستیى هه‌نگاونانى لایه‌ن و پێكهاته‌ عیراقییه‌كان بۆ ده‌رچوونى دۆخى سیاسیى وڵات له‌ چه‌قبه‌ستوویى و هاتنه‌كایه‌ى حكوومه‌تێك كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانیى هاووڵاتییان بێت و بتوانێت ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دییه‌كان ببێته‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌ گرنگیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و به‌رده‌وامیى گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرایه‌وه‌."

لە ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئەوەشى خستۆتەڕوو، "جموجۆڵ و په‌لاماره‌كانى داعش له‌ ناوچه‌ جیاكانى عیراق و سووریا، به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جددى و مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دران. له‌و میانه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراق كرده‌وه‌ تا بتوانن به‌ پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ره‌نگارى ئه‌و مه‌ترسییه‌ ببنه‌ و داعش یه‌كجارى له‌ناو ببرێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگیریى عیراق و ناوچه‌كه‌ ده‌كات."

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دۆخى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى شه‌نگال و ئاساییكردنه‌وه‌ى‌، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى  تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکە بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین